هاکان فیدان: نابێت سووریای نوێ ببێتە هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی

یەکشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "سووریای نوێ نابێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی."

 گوتیشی: "دەبیت تەواوی کارەکتەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دڵنیا بن گواستنەوەیەکی دەستەڵاتی سیاسیی نەرم لە سووریا دێتە ئاراوە تاکوو هاووڵاتییان زیانیان پێ نەگات و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانیان پێشکەشیان بکرێت."

هاکان فیدان ڕاشیگەیاند "نابێت سووریاییەکی نوێ ببێتە هەڕەشە بۆسەر هاوسێکانی، بە پێچەوانەوە دەبێت سووریای نوێ ئەو هەڕەشانە لە ناو ببات."

ئەو وەزیرە گوتیشی: "لە ماوەی دوومانگی ڕابردوودا زۆر هەوڵمان داوە هاوکاریی ڕژێمی ئەسەد بکەین، بەڵام هەموو هەوڵەکان شکستییان هێنا و دەمانزانی شتێک لە ئارادایە. هەروەک ئاماژەم بۆ کرد، ئێمە ئاشنای کێشەکانی سووریاین دەزانین چ فشارێک هەیە و گرووپەکان چۆن هەڵسوکەوت دەکەن دواتر کێشەی پەناخوازان هەن، ڕژێمی ئەسەد لەسەرخۆ لەناو دەچوو، وەک خۆمان هەوڵمان دا ڕێگریی لەوە بکرێت و بارودۆخەکە خراپ نەبێت، بەلام قسەشمان لەگەل ئەسەد نەکرد، چونکە هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵی نەبووە."

باسی لەوەش کرد "ڕژێمەکەی ئەسەد لەماوەی ئەو چەند ساڵە دەیتوانی سەرنج بخاتە سەر ئەو کێشانەی کە هەیە و چارەیان بکات، بەڵام بە پێچەوانەوە ڕژێمەکە وەک هەمیشە هیچ گۆڕانێکی نەکرد و بە هێواشی لە ناو دەچوو، هەر ئەوە بووە هۆی ئەوەی بەبێ تەقاندنی یەک فیشەک ڕژێمەکەی ئەسەد شکست بهێنێت، هەر بۆیە لە دوای حەلەب یەک لە دوای یەکی شارەکانی سووریا کەوتن."

دەربارەی تورکیا وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: "تورکیا وەک هەمیشە بەردەوام دەبێت لەگەڵ وڵاتە دراوسێکانی بۆ دروستکردنەوەی سووریا و هێشتنەوەی دامەزراوەکانی، ئەمە گرنگە بۆ ئەوەی هەموومان پێکەوە کاری بۆ بکەین، بە هەر شێوەیەک و ئاست و توانایەک و شێوازێک بێت، ئێمە دەتوانین هاوکار بین، تاکوو لە پرسی ئابووری و سیاسی سووریا لەگەڵ ئیدارەی نوێ هاریکار بین."

ئاماژەی بەوەش دا "هێزە بەر هەلستکارەکان لە چەندان کۆمەڵە و پێکهاتە پێک هاتوون لەناو خۆیاندا هەماهەنگییان هەیە و جۆرە میکانیزمێک هەیە کاری لەسەر دەکەن، پێمان وایە لە ڕۆژانی داهاتوو دەزانین و باشتر دەبێت، بەڵام لە ئێستەدا کاری گەورەتریان هەیە."

فیدان دەڵێت: "هیواخوازم ئەو هێزانە هەموویان بەیەکەوە بتوانن بەیەکەوە کار بکەن، بە ئاراستەیەکی ڕێک بۆ ئەوەی قۆناغێکی باش تێپەڕ بکەن، بە لەخۆ گرتنی تەواوی لایەنەیکانی سووریا. "

ئەوەشی خستە ڕوو "ئێمە لەوە دەترسین داعش و تیرۆرستان ئەو بارودۆخە بقۆزنەوە لەم کاتەدا، هەر لەبەر ئەوەیە ئێمە زۆر بە وریاییەوە لە هەموو شتێک ئاگادارین، لە نزیکیشەوە چاودێریی بارودۆخکە دەکەین بۆ ئەوەی داعش و پەکەکە سوود لەو بارودۆخە وەرنەگرن."

هاکان فیدان ڕاشیگەیاند "ئێمە پەیوەندییمان هەیە لەگەڵ هاوڕێ ئەمەریکییەکان، ئەوان دەزانن ئێمە چەند بە هەستیاری لەم بارودۆخەدا چۆن مامەڵە دەکەین، لە بەرامبەر یەپەگە و پەکەکە کە مەترسی بۆ سەر تورکیا لە کوێوە دێت، ئێمەش لای خۆمانەوە بە خێرایی کاردانەوە و وەڵاممان بۆ هەر بارودۆخێک دەبێت کە مەترسی بکاتە سەر وڵاتەکامەن، لە ئیدارەی نوێی ئەمەریکاش هەندێک گفتوگۆمان لەگەڵیان دەبێت، لەسەر ئەو پرسە."

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ ، 08-12-2024، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا چوونە نێو دیمەشق و کۆتاییان  بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی ڕژێمی بەشار ئەسەد هێنا و تاوەکوو ئێستەش چارەنووسی ئەسەد دیار نییە.