مەکتەبی سیاسیی پارتی: هیوادارین ژیانێکی شایستە بۆ گەلانی سووریا فەراهەم بکرێت

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان

مەکتەبی سیاسیی پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا هیواخوازە، ئەم گۆڕانکارییەی سووریا کاریگەریی ئەرێنی لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی سووریا و ڕەنگدانەوەی باشی هەبێ لە چارەی کێشە و پەرەسەندنەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی لە سەرتاسەری ناوچەکە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 12ـی کانوونی یەکەمی 2024، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی ڕەوشی سووریا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕێز لە بژاردە و ئیرادەی گەلانی سووریا دەگرین، هیوادارین قۆناغی داهاتوو، قۆناغی خۆشی و ئارامی و کۆتاییهاتنی ئاڵۆزییەکان و، سەرەتایەکی نوێ بێت لە پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردنی گشت پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە.

هاوکات پارتی هیواخوازە، ژینگەیەکی لەبار و دەرفەتی گونجاوی سەردەمیانە بڕەخسێت بۆ ژیانێکی شایستە بە گەلانی سووریا لە هەموو ڕوویەکەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هیوادارین ئەم گۆڕانکاریە کاریگەریی ئەرێنی لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی سووریا و ڕەنگدانەوەی باشی هەبێ لە چارەی کێشە و گرفت و پەرەسەندنەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی لە سەرتاسەری ناوچەکە و، زمانی دیالۆگ ببێتە بنەمای سەرەکی بۆ چارەی گشت کێشەکان و ڕێز لە ئیرادە و خواستی گەلان بگیرێ.

چوارشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2024 گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا  بە سەرکردایەتیی ئەبو محەممەد جۆلانی هێرشی بەفراوانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەشار ئەسەد دەست پێ کرد و دوای کۆنترۆڵکردنی حەلەب، حەما، دەرعا، سوەیدا و قونەیترە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، یەکشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، چوونە نێو حومس و دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی بەشار ئەسەد هێنا.