ئۆپۆزسیۆنی سووریا دڵنیایی دەدەنە باڵیۆزخانە و هێزەکانی ڕووسیا
مێدیاکانی ڕووسیا لەسەر زاری سەرچاوەیەک لە کۆشکی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەیان (کرملن) بڵاویان کردووەتەوە، گرووپە چەکدارەکانی سووریا، کە کۆتاییان بە ڕژێمی ئەسەد هێناوە، دڵنیاییان داوەتە باڵیۆزخانە و هێزە سەربازییەکانی ڕووسیا لە وڵاتەکەیان.
هەردوو ئاژانسی فەرمی حکوومەتی ڕووسیا، تاس و ڕیا نۆڤۆستی بڵاویان کردووەتەوە، گرووپە چەکدارەکانی سووریا دڵنیاییان بە ڕووسیاداوە کە ئاسایشی بنکە سەربازییەکانی ڕووسیا لە وڵاتەکەیان دەپارێزن.
هەر بە گوێرەی زانیاریی ئاژانسەکان، بەرپرسانی ڕووسی بەردەوامن لە پەیوەندیی لەگەڵ نوێنەری گرووپە چەکدارەکانی سووریا بۆ ئەوەی بە تەواوەتی پاراستنی ئاسایشی بنکە سەربازییەکان و باڵیۆزخانە و دیپلۆماتکارانی ڕووسی لە سوویا گەرەنتی بکەن.
سوپای ڕووسیا زیاتر لە 10 ساڵە بۆ پشتیوانی لە ڕژێمی ئەسەد لە سووریا جێگیرن و دوو بنکەی سەرەکی و فراوانیان لە تەڕتوس و لازقیە هەیە، کە فڕۆکەی جەنگی، هێلیکۆپتەر، سیستمی بەرگری ئاسمانی، هێزی دەریایی و چەندین جۆرە چەکی دیکەی قورسی تێدا جێگیرکراوە.
هەروەها دەیان بنکەی دیکەی بچووکی سەربازی لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا بڵاوکراوەتەوە، لەوانە 17 لە حەما، 15 لە لازقیە، 14 لە حەسەکە، 13 لە قنێیتەرە، 12 لە حەلەب، 8 لە دەوروبەری دیمەشق، 8 لە ڕەققە، 8 لە دێرەزوور، 6 لە ئیدلب، 4 لە حمس، 3 لە دەرعا، لە سەنتەری هەریەک لە شارەکانی دیمەشق، سوێدا و تەڕتوس دوو بنکەی سەربازی هەن.