سێنتکۆم: چەندین بنکەی داعش لە سووریا بۆردومان کران
فەماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ چەندین بنکەی داعشیان لە ناوەڕاستی سووریا بۆردومان کردووە. جەختی لەوەش کردەوە، سێنتکۆم لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی لە ناوچەکەدا بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ لەناوبردنی داعش.
ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا "سێنتکۆم" لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، کە ڕێگە نادەن داعش سەرهەڵبداتەوە و سوود لە دۆخی ناهەمواری ئێستای سووریا وەربگرێت.
باسی لەوەش کرا، پێویستە هەموو هێزەکانی سووریا ئەوە باش بزانن کە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت ئەگەر هاوبەشی یان پشتگیری داعش بکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆمدا هاتووە، ئەمڕۆ هێزەکانمان چەندین بنکەی داعشیان لە ناوەڕاستی سووریا بۆردومان کردووە، ئۆپەراسیۆنەکە زیاتر لە 75 ئامانجی پێکا بە بەکارهێنانی فڕۆکەکانی لە جۆری بی 52، ئێف 15 و ئەی 10.
هاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە، لە بۆردومانەکەدا پێناچێت هیچ هاووڵاتییەکی سڤیل بووبێتە قوربانی، هەروەها سێنتکۆم لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی لە ناوچەکەدا بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ لەناوبردنی داعش.