ئیسرائیل دووبارە سنووری سووریا دەبەزێنێت

بە گوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس و ڕوانگەی سووری، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، بەهۆی بۆمبارانی سووریا لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئاگر لە بارەگا ئەمنییەکانی دیمەشق کەوتەوە.

هەروەها سوپای ئیسرائیل قەدەغەی هاتووچۆی بەسەر دانیشتوانی پێنج شارۆچکەدا سەپاند کە دەکەونە باشووری سووریا، ئەو شارۆچکانە کە هاوشانی بەرزاییەکانی جۆلانن بریتین لە:قونەیتەرە، ئوفانییە، ئەلحەمدییە، حەمدانییەی خۆراوا و قەحتانییە،  ئیسرائیل لە ساڵی 1967ەوە ئەم شارۆچکانەی داگیر کردبوو، بەڵام بە گوێرەی ڕێککەوتننامەی ساڵی 1974، لێیان کشایەوە؛ ئێستە دووبارە ئیسرائیل زیاتر لە 14 کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی سووریا.

ئەم بڕیارە، دوای ماوەیەکی کەم هات کە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە، ڕایگەیاند ڕێککەوتن لەگەڵ سووریا لە ساڵی 1974 سەبارەت بە جۆلان کۆتایی هاتووە، چونکە ڕژێمی  ئەسەد ڕووخاوە؛  فەرمانی بە سوپا کردووە کە "دەست بەسەر ئەو ناوچانەدا بگرێت" .