سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی گەیشتە مەنامە
دووشەممە، 09-12-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتێکی فەرمی، گەیشتە مەنامەی پایتەختی شانشینی بەحرەین و لەلایەن شێخ عەبدوڵلا بن ئەحمەد ئال خەلیفە، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی شانشینی بەحرەین پێشوازیی لێ کرا.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامانجی سەردانەکە "پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەحرەین و تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە."
سەرۆکی حکوومەت لە سەردانەکەیدا کە دوو ڕۆژ دەخایەنێت، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەحرەین کۆ دەبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی پرسە گرنگەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی گۆڕان و پێشهاتەکانی سووریا دەکات.
ئەم سەردانە، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکی حکوومەت بۆ پەرەپێدان و بەهێزترکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو."