سەرۆک وەزیران و وەزیری گەشەپێدانی بەردەوامیی بەحرەین، پرسی وەبەرهێنانیان لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا تاوتوێ کرد
دووشەممە 9ـی کانوونی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ شانشینی بەحرەین، لە شاری مەنامە، لەگەڵ نوور بنت عەلی ئەلخولەیف، وەزیری گەشەپێدانی بەردەوامیی بەحرەین و سەرۆکی ئەنجوومەنی گەشەپێدانی ئابووريی بەحرەین کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەدا، بیروڕا لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە ئاڵوگۆڕ کرا، بەتایبەتی لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و برەودان بە وەبەرهێنان لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەحرەین و بڕیارە لەگەڵ شا و جێنشینن و سەرۆک وەزیران و بەرپرسە باڵاکانی بەحرەین کۆببێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە بکات.