ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کارەکانی هاووڵاتییان لە رێگەی تەلەفۆن راییدەکات
نایانەوێت بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ناچاربن دەوام رابگرن

K24 - هەولێر
بۆ ئەوەی کەمترین بەرکەوتنیان لەگەڵ خەڵک هەبێت، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر مامەڵەی هاووڵاتییان لەرێگەی تەلەفۆن راییدەکەن و بەوشێوەیە "موراجیع" وەردەگرن.
عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کوردستان 24 ئاشکرای کرد "ئێمە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بۆ ماوەیەکی کاتی سەرجەم کۆبوونەوە و چالاکییەکانمان دواخستن و تەنیا لە رێگەی ڤایبەر و واتسئەپ و تەلەفۆن کارەکانمان راییدەکرد، ئێستاش کە شەپۆلێکی زۆر بەهێزی ئەو ڤایرۆسە بڵاوبووەتەوە، رێکاری نوێمان دەستپێکردووە رێنماییمان داوەتە سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەن کە دەوامیان زۆر بە کەمی لە باڵەخانە بێت و کاروباری هاووڵاتییان لەرێگەی تەلەفۆن راییبکرێت و هاتووچۆی ناو ئەنجوومەن نەکەن".
گرتنەبەری ئەو رێوشوێنە لەکاتێکدایە، ئەنجوومەنەکە دەیەوێت کەمترین بەرکەوتنی هەبێت، چونکە رۆژ بەرۆژ ژمارەی تووشبووان و گیانلەدەستدان بەهۆی پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە هەڵکشانە و هەر فەرمانبەر یان کەسێک کە تووشی کۆرۆنا بووبێت، سەرجەم بەرکەوتووانی بەپێی رێکارە تەندروستییەکان کەرەنتینە دەکرێن و پشکنینیان بۆ دەکرێت.
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر جەخت دەکاتەوە لەوەی "ئێمە بەشێکین لەو سیستەمە، بۆیە دەمانەوێت ئەو ڤایرۆسە نەبێتە هۆی راگرتنی دەوامی ئەنجوومەن، رێنماییەکان زۆر بە روونی دیارن و سەرجەم فراکسیۆنەکان هاوکارن. رۆژانی پێنجشەممە، هەینی و شەممە دەوام نییە و، رۆژانی دیکە لە رێگەی تەلەفۆن و واتسئاپ و ڤایبەر کارەکان رادەپەڕێنین".
هـ.ر.