بەغدا و واشنتن پابەندن لەسەر كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق

گفتوگۆی ستراتیجی كە لە نێوان بەغدا و واشنتن ئەنجامدرا

K24 – هه‌ولێر:

مستەفا كازمی، سەرۆكی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، گفتوگۆی ستراتیجی كە لە نێوان بەغدا و واشنتن ئەنجامدرا، دەستكەوتێكی گەورەی عێراقییە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق (واع) بڵاویكردەوە، كە كازمی جەختی لەوە كردووەتەوە، لە چوارچێوەی گفتوگۆی ستراتیجی، سەرنج خراوەتە سەر بنەمای سەروەری و بەرژەوەندییەكان عێراق و "لە بەدەستهێنانی ئەنجامەكانیش سەركەوتوو بوونە".

ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، لە گفتوگۆكەدا، جەخت لە كشانەوەی تەواوی هێزەكانی ئەمەریكا كراوەتەوە لە عێراق و هیچ بنكەیەكی سەربازیشیان نەمێنێت، ئاماژەی بەوەشكردووە، هەر لە گفتوگۆكەدا دان بە بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران نراوە لە بارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە وڵات.

ئاژانسەكە روونیشی كردووەتەوە، كازمی ئاماژەی بەوە كردووە، لەسەر چەند ئاستێكی جیاواز، وەكو پەیوەندییە ئابوورییەكان و كەرتە جیاوازەكانی دیكە، هەماهەنگی بەردەوامیان لەگەڵ واشنتن دەبێت و گفتوگۆكەش دەستكەوتێكی گەورەی عێراقییە.

بە گوێرەی كارنامەی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتن، كە پێشتر لەلایەن ئەمەریكا بڵاوكرایەوە، گفتوگۆكان لە بارەی چوار پرسی سەرەكی بوونە، وەك: دۆسیەی ئەمنی باسكراوە بەتایبەتیش و كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و دڵەڕاوكێكانی بەغدا لە دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆ. پرسی ئابووری عێراق و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان و ئەنجامدانی چاكسازی.

تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكە، پرسی سیاسی عێراق بووە، كە باس لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و گەڕاندنەوەی دادپەروەرییە بۆ قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی عێراق.

تەوەری كولتووریش بەشێك بووە لە گفتوگۆی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتن، كە باس لە گەڕاندنەوەی هەندێک شوێنەوار دەكرێت و ویلایەتە یەکگرتووەکان رازیدەبێت بە گەڕاندنەوەی ئەرشیڤی حیزبی بەعس و چاودەخشێنێتەوە.