تەندروستی جیهانی: حکوومەتی کاتیی هیوایەکە بۆ سوورییەکان

سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی سووریا دەبێتە هیوایەک بۆ وڵاتەکە. 

تێدرۆس ئەدهانۆم، سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژەی بەوەشدا، سیستمی تەندروستیی سووریا بەهۆی شەڕەوە لاوازبووە و نەخۆشخانەکانی حەلەب و ئیدلب توانای چارە کردنی تەواوی نەخۆش و بریندارەکانی نییە.

سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی گوتیشی: "پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی سووریا هیوایەک بۆ ئەو وڵاتە دەهێنێت، کە ماوەیەکی زۆرە ئازار دەچێژێت، لە دوو هەفتەی ڕابردوو شەڕ دەستی پێ کرد، بە سەدان کەس بە سەختی برینداربوون و نزیکەیی ملیۆنێک کەس ئاوارەبوون،  ئەمەش لەکاتێکدایە پێشتر نزیکەی حەوت ملیۆن کەس لە ناوخۆ ئاوارە بوون و پێنج ملیۆن کەسی دیکەش بوونەتە پەنابەر."

ڕاشیگەیاند، نەخۆشخانەکانی حەلەب و ئیدلب فشارێکی زۆریان لەسەرە و لە توانای خۆیان زیاتر نەخۆش و برینداریان تێدایە، دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییەکانی سووریا گرنگە، چونکە بە گەڕانەوەی ئاوارەکان فشارێکی زۆر زیاتر دەکەوێتە سەر ئەو سیستمە تەندروستییەی بەهۆی زیاتر لە 14 ساڵ شەڕەوە لاواز بووە. 

یەکشەممە، 8-12-2024، هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، توانییان دیمەشق کۆنترۆڵ بکەن، بەشار ئەسەدیش ناچار بەهەڵاتن بکەن، کە ماوەی 24 ساڵە دەسەڵاتی وڵاتەکەی بەدەستەوە بوو.