"له به‌رزارییه‌كانی هه‌ورامان مۆندیال به‌ڕێوه‌ده‌چێت"
به‌شداربووانی یارییه‌كان جلوبەرگیان نییە و هه‌ر خێزانێكی گوند لایه‌نگێری یانه‌یه‌كی جیهانیه
K24 – هه‌ولێر:
فیلمێكی له ژێر ناونیشان (هێرشبه‌ری كوێستان) له به‌رزاییه‌كانی هه‌ورامان له لایه‌ن ستافێكی ده‌رهێنه‌ری كوردی سنه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌رهه‌م دێت، فیلمه‌كه چیرۆكی منداڵانی کورد و کوێستان و تۆپی پێ و موندیال باس دەکات.
فیلمه‌كه به ناونیشانی (فۆرواردی کوێستان) واته هێرشبه‌ری كوێستان كاره‌كانی ته‌واو بووه و سەرنجی لێژنەی فیلمی له فێستیڤاڵەکانی (سویس، داڵاسی ئەمریکا، کوریای باشوور، به‌ڕازیل، چیک) و چه‌ندان وڵاتی دیكه‌ی راكێشاوه.
فریا مەجید ئابادی نووسەری فیلمه‌كه‌ی به كوردستان24ـی گوت: ناوەڕۆکی فیلمه‌كه باس لە منداڵانی هەورامان دەکات، منداڵانێک کە هیوای تۆپی پێیان هەیە بەڵام بە هۆی شێوازی جوگرافیای ناوچەی هەورامان زه‌وییه‌كی تەخت و لەبار بۆ یاریەکیان نییە، بۆیە منداڵانی گوند بڕیار دەدەن بڕۆن بۆ هەوار و لە بەرزاییەکانی هەوار شوێنێک دابین بکەن بۆ تۆپی پێ، هەموو منداڵان بە کوڕ‌و کچ هاوکات تێدەکۆشن و لە کۆتاییدا شوێنێکی گونجاو ڕێک دەخەن، درووست کردنی ئەم زەوینە هاوکات دەبێ لەگەڵ موندیال و هەر خێزانێکی ئەو گوندە لایه‌نگیری یانەیه‌کی جیهانە و بەم شێوەیە پیشان دەدەین کورد دۆستی هەموو جیهان و مرۆڤایەتیە.
فریا مەجیدی ده‌شڵێت: چەندین بەشی فیلمەکە سەرنجی لێژنەی داوەرانی فیلم فستیڤاڵی ده‌ره‌وه‌ی ڕاکێشاوە و یەکێک لەو بەشانە ئەوەیە پاش ئەوەی منداڵان ئامادەی یاری دەبن جلوبەرگیان نیە، بۆیە دەموچاویان ڕەنگ دەکەن و بەم شێوەیە دەبنە دوو یانەی سەر سوورەکان و سەر شینەکان، مەبەستیشم لەم فیلمە پیشان دانی چەند لایه‌كی جوانی کورد بووە كه هه‌میشه كوڕ و كچانی كورد یه‌كڕێزبوونه و تێكوشاون.
ئاماده‌كردنی: کەژاڵ حەسەنی