سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: کوژرانی بەرپرسانی حزبوڵلای لوبنانی بۆ ئێمە لە کەوتنی ئەسەد بە ئازارتر بوو
"ئاگاداری پلانی ڕووخاندنی ئەسەد بووین"
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، پێشتر بەشار ئەسەدیان لە پلانی هێرشی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ئاگادار کردووەتەوە. گوتیشی "کوژرانی بەرپرسانی حزبوڵلای لوبنانی بۆ ئێمە لە کەوتنی ئەسەد بە ئازارتر بوو."
محەممەد باقر قـالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە ڕێوڕەسمێکدا لە تاران، لەبارەی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕایگەیاند: "ئەم پێشهاتانە لەناکاو نەبوون، بەڵکوو زیاتر حەتمی بوون، ئێمە پێشوەختە حکوومەتی سوریامان ئاگادار کردبووەوە و زانیاری دروستمان هەبوو لەسەر پلان و دیزاینی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی سووریا دەستوەردانیان لەو بابەتەدا کردووە."
بە گوتەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران "ئەگەر لە کاتی خۆیدا وەڵامی ئەو هۆشدارانە بدرابایەوە، مەترسیی دوژمن پشتگوێ نەخرایە، دەستپێشخەری دیالۆگیان لەگەڵ گەلی سووریا کردبا و یەکێتیی نەتەوەیییان بە دەست هێنابا، ئەوا گەلی سووریا ئەمڕۆ لەنێو ئاژاوەی ناوخۆییدا نەدەبوو و زیان بە مۆڵک و ماڵی گشتیی ئەو وڵاتە نەدەگەیشت. هاوکات هێرشە دووبارەکانی ڕژێمی زایۆنی و لەناوبردنی ژێرخانی سووریا لەلایەن قەوارەی زایۆنیستیمان نەدەبینی."
لەبارەی کاریگەریی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، لەسەر بەرەی موقاوەمە، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتی: "کوژرانی بەرپرسانی حزبوڵلای لوبنانی بۆ ئێمە لە کەوتنی ئەسەد بە ئازارتر بوو، ڕەنگە ڕووخانی حکوومەتەکەی بەشار ئەسەد کێشە بۆ 'بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی' دروست بکات، بەڵام گرووپەکانی 'موقاوەمە' بەتایبەت حزبوڵلای لوبنانی نیشانیان داوە کە ئەوان نەک هەر خۆیان لەگەڵ هەلومەرجە نوێیەکەدا دەگونجێنن، بەڵکوو زیاتر لە جاران جووڵە دەکەن. وەکوو ئەوەی لە دوای کوژرانی سەرکردە باڵا و مامناوەندەکانی بینیمان، حزبوڵلا لە ڕابردوو باشتر و بەهێزتر دەرکەوت و قەوارەی زایۆنی (ئیسرائیل) ناچار کرد ئاگربەست قبووڵ بکات."