راهێنەری پێشووی زاخۆ بەهۆی کۆرۆنا گیانی لەدەست دا

هەفتەی رابردوو تووشی کۆرۆنا ببوو

عەلی هادی راهێنەری ناسراوی عێراقی لە تەمەنی 53 ساڵی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لەدەست دا.

عەلی هادی، راهێنەری پێشووی یانەی زاخۆ کە هەفتەی رابردوو لە بەغدا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببوو، ئەمڕۆ هەینی 12ی یۆنیۆی 2020 بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لەدەست دا، کە دوای ئەنجامدانی دوو پشکنین ئینجا دەرکەوت هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە و ئەنجامی پشکنینەکانی پۆزەتیڤ دەرچوون.

سەرچاوەیەکی نزیک لە راهێنەرە کۆچکردووەکە بە کوردستان24ی راگەیاند 'رۆژی 4ی ئەم مانگە عەلی هادی ئەنجامی پشکنینەکانی پۆزەتیڤ دەرچوون و دەرکەوت تووشی کۆرۆنا بووە، لەم رۆژانەی دوایی تەندروستی ناجێگیر بوو، رۆژ بە رۆژ دۆخی خراپتر دەبوو'.

عەلی هادی پێشتر راهێنەرایەتی یانەکانی تەڵەبە، کەربەلا و کارەبای کردووە و ماوەیەکیش راهێنەری هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتوانی عێراق بوو، ئەم وەرزە دوای کشانەوەی یانەی زاخۆ لە خولی نایابی عێراق دەستی لە راهێنەرایەتی یانەکە کێشایەوە.

پێشتر ئەم راهێنەرە عێراقییە لە بەرنامەیەکی یەکێک لە کەناڵە عێراقییەکان بە توندی رەخنەی لە رێکارە تەندروستییەکانی حکومەتی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گرتبوو، داوای لە بەرپرسانی بەغدا کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چاو لە رێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەولێر بکەن.