وێستگەی کارەبای خەبات بە توانای 300 مێگاوات دەکەوێتە کار

وادەی دەستبەکاربوونی ئاشکرا دەکرێت

K24-  هەولێر:

تیمەکانی وڵاتی کوریای باشور بۆ کارپێکردنی وێستگەی کارەبای 300 مێگاواتی هەڵمی خەبات گەیشتنە هەولێر.

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بە پاڵپشتى ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتى كارەبا و به هاوکاری وەزارەتەکانی (تەندروستی،گواستنەوە وگەیاندن، ناوخۆ، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی باڵای فڕۆکەوانی عێڕاق ) توانرا پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆهەینی 12/06/2020 کاتژمێر 4ی پاش نیوەڕۆ تیمی تایبەتی ئیش پێکردنی وێستگە، بە فڕۆکەیەکی تایبەت لە وڵاتی کۆریای باشورەوە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ وەرزی هاوین و جێبەجێ کردنی بەرنامەی کارەبا بۆخزمەتی هاووڵاتیان ئەنجام دراوە.

ئاشکراشیکردووە، دوای گەیشتنی تیمەکەو دەست بەکار بونیان تاوەکو 20/06/2020 وێستگەکە بەتوانای خۆی کە 300  مێگاواتە بکەوێتە کار.