ئاڵای نوێی سووریا لەسەر تەواوی دام و دەزگاکانی ڕۆژئاوای کوردستان هەڵدەکرێت

 بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان بڕیاریدا ئاڵای نوێی سووریا لەسەر هەموو دامەزراوە و بەڕێوەبەرایەتیەکانی سەر بە ئیدارەکەی هەڵبکات.

پێنجشەممە، 12ـی کانوونی یەکەمی 2024،  بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بۆڕای گشتی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "بە بۆنەی کۆتایی هاتنی سەردەمی ستەم و ستەمکاری کە ڕژێمی سووریا بۆ ماوەی زیاتر لە نیو سەدە بەسەر خەڵکیدا سەپاند، لەو ماوەیەدا سوورییەکان بەدەست نادادپەروەری و پەراوێزخستن و دوورخستنەوە گیرۆدەبوون، سوورییەکان مافی خۆیانە ئاهەنگ بگێڕن بۆ سەرکەوتنی ئیرادەی خۆیان و ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە ناڕەوایە".

ئاماژەی بەوەش کردووە، "لەژێر ڕۆشنایی ئەم گۆڕانکارییە مێژووییەدا ئاڵای سەربەخۆیی کە بە سێ ڕەنگی 'سەوز، سپی و ڕەش لەگەڵ سێ ئەستێرە سوورەکە'، وەک سیمبولی قۆناغی نوێ،  گوزارشت لە خواستەکانی گەلی سووریا دەکات".

ڕاشیگەیاند، "بە پشتبەستن بەو ڕاستییەی کە ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە نوێنەرایەتی بەشێکی دانەبڕاو لە جوگرافیای سووریا دەکەن، بەهۆی ئەوەی دانیشتووانی ئەو ناوچانە پێکهاتەی ڕەسەنی سووریان، بۆیە ئیدارەی خۆسەر بڕیاریدا کە ئاڵای نوێی سووریا لەسەر هەموو دامەزراوە و بەڕێوەبەرایەتیەکانی سەر بە ئیدارەکەی هەڵبکرێت".

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر  "پابەندبوونی خۆی بە نوێنەرایەتیکردنی خواستەکانی گەلی سووریا و هەموو پێکهاتەکانی دووپاتدەکاتەوە، هەروەها کاردەکەین بۆ بەهێزکردنی یەکێتی نیشتمانی لە چوارچێوەی سووریایەکی دیموکراتدا کە لەسەر بنەماکانی دادپەروەری و یەکسانی لە نێوان هەموو پێکهاتەکانیدا دامەزراوە".