حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا سوپاسی 8 وڵاتی عەرەبی و وڵاتێکی ئەورووپا دەکات

سووریا
سووریا

حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا کە هێزە چەکدارەکان بە سەرکردایەتی دەستەی تەحریر شام پێکیان هێناوە، سوپاسی چەند وڵاتێکی عەرەبی و وڵاتێکی ئەورووپی کرد، بەرامبەر کردنەوەی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانیان لە دیمەشق دوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد.

پێنجشەممە 12ـی کانوونی یەکەمی 2024، حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا بە سەرۆکایەتی محەمەد بەشیر لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت: سوپاسی میسر و عێراق، سعودیە و ئیمارات، ئوردن و بەحرەین، عومان و ئیتاڵیا دەکەین، بەرامبەر دەستپێکردنەوەی کارەکانیان لە باڵیۆزخانەکانیان لە دیمەشق، دەشڵێت: قەتەڕ و تورکیاش بەڵێنیان داوە دەست بەکارەکانیان لە باڵیۆزخانەکانیان بکەنەوە.

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، 10ـی کانوونی یەکەمی 2024، محەمەد بەشیر لە بەیاننامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند: ڕاسپێدراوە بۆ سەرۆکایەتی کردنی حکوومەتی ڕاگوزەر لە سووریا تاکوو یەکی ئاداری 2025.

هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی پێشووتری سووریا، محەمەد بەشیریان بۆ سەرۆکایەتی کردنی حکوومەتی ڕزگارکەر ڕاسپارد  بەر لە هێرشە لەناکاوەکەی کردیانە سەر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد کە لەماوەی 12 ڕۆژی ڕووبەڕووبوونەوەدا، توانیان کۆتایی بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی بەشار و ئەسەد و 53 ساڵەی حوکمی بەعس بێنن.