سەرۆكی یانەی هەولێر باسی دۆخی ئێستای یانەكەی دەكات

موئەیەد مەغدید: دەبێت ئەو كەسانە مافی دەنگدانیان هەبێت كە پاڵپشتی ماددی و مەعنەوی تیپەكە دەكەن

موئەیەد مەغدید سەرۆكی یانەی هەولێر
موئەیەد مەغدید سەرۆكی یانەی هەولێر

موئەیەد مەغدید سەرۆكی یانەی هەولێر ئاماژە بۆ ئەوە دەكات ناكرێت بەو یاسا كۆنەی ئێستای عێراق هەڵبژاردن بۆ دەستەی كارگێری بكرێت، دەشڵێت: پێویستە هاوشێوەی هەموو وڵاتانی دونیا ئەو كەسانە مافی دەنگدانیان هەبێت كە پاڵپشتی ماددی و مەعنەوی بۆ یانەكە پەیدا دەكەن.
موئەیەد مەغدید سەرۆكی یانەی هەولێر لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتی كوردستان24 رایگەیاند ئەوان بەگڕوتینەوە دەستیان پێكرد، بەڵام بە رێگای جیاواز هەوڵی ساركردنەوەیان دەدرێت، دەشڵێت: هەر لەگەڵ دەستپێكی ئێمە سكاڵایەكیان لەسەر تۆمار كردین، دواتر بەوەش نەوەستان لیستێكی دیكەیان بڵاوكردوەوە و هەوڵی دوورخستنەوەی 3 ئەندامی دیكەیان دا، ئێستاش فشارێكی زۆریان بۆ هەڵبژاردنەكان دروست كردووە و دەیانەوێت كەشێكی دەروونی خراپ لەسەر تیپەكانمان دروست بكەن، بۆیە بەپێی ئەو كەشەی من هەستی پێ دەكەم هەڵبژاردن لەم كاتەدا بە باش نازانم.
موئەیەد مەغدید گوتیشی: نازانم ئەو ململانێیە لەپێناو چییە، ئاخر پۆستی سەرۆكایەتی یانەی هەولێر و ئەندامبوون جگە لە خزمەت و هیلاكی هیچ شتێكی دیكەی تێدا نییە، من وەكو خۆم ئەگەر ساڵێكی دیكە بەردەوام بم رەنگە خانووەكەم بفرۆشم.

 

 

"رێگەمان بە هیچ گەندەڵییەك نەداوە"
سەرۆكی یانەی هەولێر هێمای بۆ ئەوەش كرد ئەو خۆی داوای پۆستی سەرۆكایەتی یانەی هەولێری نەكردووە، دەشڵێت: هیچ هەوڵێكیش بۆ مانەوەم نادەم، من لە دۆخێكی خراپ راسپێردرام بۆ ئەوەی یانەكە لە دابەزین رزگار بكەین، منیش خۆم بە كوڕی یانەكە دەزانم و ئەو داواكارییەم قبوڵم كرد و بەوپەڕی شانازییەوە خزمەتی یانەكە دەكەم، خۆشبەختانە بە هیمەتی هەموولایەك توانیمان یانەكە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق بهێڵینەوە، سوپاس بۆ خوا لەم ماوەیەدا رێگەمان بە هیچ كارێكی نایاسایی و گەندەڵی نەداوە، داواش لە حكومەت دەكەم بەردەوام چاودێری لایەنی دارایی یانەكە بكات و خۆم بە بەرپرس دەزانم لە بەرامبەر فلس بە فلس كە وەرمان گرتووە.

"دۆخێكی خراپ دروست بووە"
لە وەڵامێكی دیكەی كوردستان24، موئەیەد مەغدید رایگەیاند دۆخێكی خراپ لە دەورووبەری یانەكە بۆ دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەكان دروست بووە، هەر رۆژە و یەكێك دێت داوای ناوتۆماركردن بۆ هەڵبژاردنەكان دەكات، دەشڵێت: دەبێت ئەو كەسانە مافی دەنگدانیان هەبێت كە پاڵپشتی ماددی و مەعنەوی تیپەكە دەكەن، ئاخر ناكرێت یاریزانێك یانەكەی جێهێشتووە و ئێستا داوای دەنگدان بكات و بڕیار لەسەر چارەنووسی دەستەی كارگێری یانەی هەولێر بدات.
سەرۆكی یانەی هەولێر گوتیشی: ئەم قسانەی من بۆ مانەوەی خۆم نییە، بەڵام ئەمە رێگایەكی دروست و جیهانییە، ئێمەش وەكو یانەی هەولێر دەبێت دەرگای ئەندامبوون بەڕووی چەندان بازرگان و خەڵكی ناودار بكەین و بیانكەینە ئەندامی دەستەی گشتی، هاوكات سەرجەم ئەندامەكانی دیكەش رۆڵیان هەبێت ئەگەر بە پارەیەكی رەمزی زۆر كەمیش بێت دەبێت بەشدارییان پێبكەین لە پێشخستنی یانەكە، ئاخر ناكرێت كەسانێك لە هەموو تەمەنی سوودێكی بۆ یانەكە نەبووە و ئێستا بێت دەرگامان لێ بگرێت و خۆی بەدەنگدەری یانەكە بزانێت و بڕیار لەسەر چارەنووسی یانەی هەولێر بدات، جگە لەوەش كەسانێك یان یاریزانێك یانەكەیان بەهەر هۆكارێك بێت جێهێشتووە و هیچ پەیوەندییەك بە یانەكە نایانبەستێتەوە، بۆ دەبێت مافی دەنگدانی هەبێت؟.

 

 

داوا دەكات هەڵبژاردن بە یاسایە كۆنەكە نەكرێت
موئەیەد مەغدید جەختی لەوەش كردەوە وەكو سەرۆكی یانەی هەولێر هیچ ناوێكی دوورنەخستووەتەوە، دەشڵێت: ئێمە داوامان لێكرا بەخێرایی لیستێكی سەرەتای بۆ هەڵبژاردنەكان ئامادە بكەین، بۆیە سەرەتا لەو لیستەدا تەنیا ناوی سەرجەم یاریزانان و راهێنەرەكانمان نووسی، ئەمە هیچ هەوڵێك نییە بۆ دوورخستنەوەی هیچ كەسێك، بەڵام بەداخەوە وەكو فشارێك ئەم بابەتە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن هێنرا.
موئەیەد مەغدید گوتیشی: من پێشتریش پێشنیازم نەك بۆ كوردستان، بەڵكو بۆ عێراقیش كردووە كە چیتر هەڵبژاردنەكان بەپێی ئەو یاسا كۆنەی ساڵی هەشتایەكان نەكرێت، ئێستا سەردەمەكە جیاوازە و دەبێت بەپێی ئەم سەردەمە هەڵبژاردنەكان بكرێت، چونكە ئەو سیستەمە كۆنە داهاتووی هەڵبژاردنی یانەكە جارێكی دیكە بەرەو ئاقارێكی خراپتر دەبەن.
 لە رۆژی 7/11/2021 لە هۆڵی رۆشنبیری زانكۆی سەڵاحەدین هەڵبژاردن بۆ دەستەی نوێی كارگێری یانەی هەولێر كرا و 306 ئەندام مافی دەنگدانیان هەبوو، تەنیا 263 كەس ئامادەی دەنگدانەكە بوون، 9 كەس وەكو دەستەی كارگێری و 3 كەسیش وەكو ئەندامی یەدەگی دەستە هەڵبژێردران، عەبدوڵڵا مەجید سەرۆكی پێشووتری یانەی هەولێر زۆرترین دەنگی لە هەڵبژاردنەكانی 2021 بەدەستهێنا، بەڵام دواجار بڕیاری كشانەوەی دا و دەرفەتی بە ئەندامە نوێیەكان دا یانەی هەولێر بەڕێوەببەن، بەڵام دەستە نوێیەكە پێش تەواوبوونی ماوەی یاسایی خۆیان دەستیانلەكاركێشایەوە.
دوای ئەوەی دەستەی كارگێری پێشووی یانەی هەولێر ماوەی یاسایی خۆیان تەواو نەكرد و دوای تەنیا 2 ساڵ و 10 مانگ دەستەكە هەڵوەشێندرایەوە و دەستەیەكی كاتی بە سەرۆكایەتی موئەیەد مەغدید لە رۆژی 15/5/2024 دەست بەكاربوو.