سەرۆکی میت لەگەڵ جۆلانی و سەرۆکی حکوومەتی ڕاگوزەر کۆ دەبێتەوە

ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)،  لە دەروازەی مزگەوتی ئەمەوی لە سووریا
ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)، لە دەروازەی مزگەوتی ئەمەوی لە سووریا

سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)، لە دوای 13 ساڵ وەک یەکەم بەرپرسی تورکیا چووە دیمەشقی پایتەختی سووریا و بڕیارە لەگەڵ هەر یەک لە سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی ڕاگوزەر و سەرۆکی دەستەی تەحریر شام کۆ ببێتەوە، بەڵام سەردانەکەی کاڵن ڕووبەڕووی ڕەخنەی سەرۆکی جەهەپە بوویەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا بڵاوی کردووەتەوە، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)، چووەتە مزگەوتی ئەمەوی لە دیمەشق و بڕیارە لەگەڵ محەممەد بەشیر، سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا و ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام، لەسەر قۆناغی داهاتووی وڵاتەکە کۆ ببێتەوە و پەیامی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیان پێ ڕابگەیەنێت.

بەپێی مێدیاکانی تورکیا، کاڵن دوای گەیشتنی بە دیمەشقی پایتەختی سووریا، لە دەروازەی مزگەوتی ئەمەوی لەلایەن جەماوەرێکی زۆرەوە پێشوازیی لێ کرا و دواتر چووەتە مزگەوتەکە و نوێژی کردووە.

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە ڕەخنەی لەسەردانەکەی کاڵن بۆ دیمەش گرت و گوتی: کاڵن بەرپرسێکی حکوومەتە، نەک نوێنەری ئاکپارتی. بۆیە ئەرکی سەرۆکی دەزگای میت نییە، بچێت لە مزگەوتی ئەمەوی داوایەکی ئەردۆغان کە 12 ساڵ لەمەوبەرە بەجێ بگەیەنێت و لەبری ئەو نوێژ بکات.

لە 27ـی تشرینی دووەمی 2024، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لە ڕۆژئاوای حەلەب دەست پێکرد و لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024 ڕژێمی بەعس دوای 12 ڕۆژ ڕووخێنرا، بەشار ئەسەد دوای دەربازبوونی ئێستا لە ڕووسیا بووەتە پەنابەر.‌