گۆتێرێز نیگەرانە لە پێشێلکردنی سەروەری خاکی سووریا
گوتەبێژی سکتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئەنتۆنیۆ گۆتێرز "نیگەرانە لەو پێشێلکارییانە"ـی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا و لێدانەکانی "ئیسرائیل" لەو وڵاتە.
ستیڤان دوجاریک، گوتەبێژی سکتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووکان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، "زۆر نیگەرانە لە پێشێلکارییە گەورەکانی ئەم دواییەی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریا، لەلایەن ئیسرائیلەوە."
سکرتێری گشتیی بە تایبەتی نیگەرانە لەو سەدان هێرشەی ئیسرائیل لە چەند شوێنێک لە سووریا، جەختیشی کردەوە "پێویستە بەپەلە پێشی لێ بگیرێت و نەهێڵرێت زیاتر هێرشەکان لە سووریا تەشەنە بکات".
گۆتێرێز لە ڕێگەی گوتەبێژەکەیەوە داوای لە هەموو لایەنەکان کرد، "کۆتایی بە بێ مۆڵەت لە ناوچەی پاراستن بهێنن و خۆیان لە هەر کارێک بپارێزن کە ئاگربەست و سەقامگیری جۆلان تێکبدات".
دوێنێ پێنجشەممە، 12ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەسەر ئاسمانی دیمەشقدا سووڕانەوە و دەوروبەری پایتەخەتەکەیان بە چڕی بۆردومان کرد، هەروەها دەنگی بۆردومانکەش لە سەرتاسەری دیمەشق هەستی پێ کراوە.
لای خۆیانەوە دانیشتووانی گەڕەکەکانی ڕۆژئاوای دیمەشق ڕایانگەیاندووە، گوێیان لە دەنگی دوو تەقینەوەی بەهێز بووە، کە پێ دەچێت لە فڕۆکەخانەی سەربازیی مەززەوە بێت.
دانیشتووان ئاماژەیان بەوەش کردووە، گوێیان لە دەنگی فرۆکە جەنگییەکان بووە، لە ئاسمانی لادێکانی باشووری ڕۆژئاوای دیمەشقدا دەسوڕانەوە.
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە دوای هەڵاتنی بەشار ئەسەد بۆ ڕووسیا، چەندان جار دامەزراوە سەربازییەکانی سووریایان لە بەشێک لە پارێزگاکانی وڵاتەکە کردووەتە ئامانج.