دەیگوت من پیرۆزم و بە ماچ کۆرۆنا دەکوژم بەڵام خۆی گیانی لەدەستدا

بیست کەسیشی تووشکردووە

K24- هەولێر:

پیاوێکی هیندی ماوەیەکە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە دەتوانێت لە رێگای ماچکردنی دەستی تووشبووەکانی کۆرۆنا، چاکیان بکاتەوە، بەڵام خۆی مرد و بیست کەسیشی تووشکرد.

لە ویلایەتی مادیا پرادێش، ئەو پیاوە خۆی وەکو کەسێکی پیرۆز ناساندووە و رایگەیاندووە، دەتوانێت بە ماچکردن، ڤایرۆسی کۆرۆنا بکوژێت.

بەگوێرەی هەواڵێکی دەیلی مەیلی بەریتانی، ئەو پیاوە لە سێی ئەم مانگە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و یەک رۆژ دواتر گیانی لەدەستداوە.

ئەوەش ئاشکرا کراوە، بەرکەوتەی لەگەڵ چل تووشبوو هەبووە و 20 کەسیشی تووشکردووە کە حەوتیان سەر بە خێزانەکەی خۆیەتی.

پۆلیسی ناوچەکەش رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا 29 کەس بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئەوەی کە دەتوانن ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو ببەن، دەستگیر کراون.

لە هیندستان، 309 هەزار و 389 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و هەشت هەزار و 890 کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.