ڕۆژنامەیەک: پاسێکی سووریەکان کە 30 کەسی تێدابووە لە لوبنان وەرگەڕا
ڕۆژنامەی "ئەلنەهار"ـی لوبنانی بڵاویکردەوە، پاسێکی نەفەرهەڵگر ڕێگایەکی گشتی لە پارێزگای عەکاردا وەرگەڕا، لە ئەنجامدا زیاتر لە 25 کەس کە بە ڕەگەز سووریی بوون بریندار بوون تووشی شکانی جەستەیی بوون.
ڕۆژنامەکە بڵاویکردەوە، ئەم ڕووداوە دوای ئەوە ڕوویداوە کە کۆمەڵێک کەسی سووری لە ڕێگەی یەکێک لە دەروازە نایاساییەکانەوە بە نایاسایی هاتوونەتە لوبنان.
ڕۆژنامەکە دەشڵێت، پاسەکە نزیکەی 30 کەسی تێدابووە و سووری بوون، لێکۆڵینەوەش لەگەڵ سەرنشینانی پاسەکە دەستی پێ کردووە بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان.
خاچی سووری لوبنان بە ئەمبولانس بریندارەکانی گواستووەتەوە و چارەی کردوون، هەروەها شۆفێری پاسەکە کە لوبنانییە، بۆ نەخۆشخانەی 'سەیدە سەلام ' گواستراوەتەوە کە دۆخی هەندێکیان ناجێگیرە.
ڕۆژی یەکشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کۆنترۆڵی دیمەشقیان کرد، بەڵام پێش ئەوەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بگەنە ناو دیمەشق، لە کاتژمێر 4:50 خولەکی بەیانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی ڕووخاوی سووریا بە فڕۆکە بەرەو ڕووسیا هەڵات.