سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم: دەبێت راکان جبووری دووربخرێتەوە

هەوڵێکی مەترسیداری داوە

K24- هەولێر:

جوان یونس رۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم لە راگەیەندراوێک بڵاویکردەوە، بە نووسراوێكی نھێنی بە ژمارەی 28 كە لە 17/05/2020 راكان جبوری واژووی لەسەركردووە و ئاراستەی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوكی كردووە، لەسەر بنەمای داوای شێخێكی عەشیرەتی شەمەر، داوا دەكات كە ژمارەیەكی زۆر لەو خانەوادانەی لە عەرەبی ھاوردەن و لە دوای (2003)ەوە کە بەشێکی زۆریان قەرەبوو کراونەتەوە و گەڕاونەتەوە ناوچەكانی خۆیان لە موسڵ و تكریت، لە ئێستادا نیشتەجێی ناوچە کوردستانییەکان بکرێن و كوردەكانیش ( لە نووسراوەكە بە "المتجاوزين"، ناوی ھێناون) دەربكرێن.

رۆژبەیانی دەڵێت، دوای ئەوەی ئاگاداركراینەوە و دەقی نووسراوەكەمان بەدەست گەیشت، پەیوەندیمان بە ھاووڵاتیانی ئەو ناوچەیە كرد و بەڵێنمان پێدان كە وەكو لیژنەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ھەرێم لە پەرلەمانی كوردستان، ھەموو ھەوڵێكمان دەخەینەگەڕ بۆ ڕێگریكردن لە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی ئەو نووسراوە. بۆیە ھەرزوو لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و نوێنەرانی كوردستان لە پەرلەمان و حكومەتی عێراق تاوتوێی بابەتەكەمان كرد و پێمان راگەیاندن كە وروژاندنی ئەم بابەتە لە بەرژەوەندی ھیچ لایەكدا نابێت و جێبەجێكردنی ناوەڕۆکی ئەم نوسراوە قبوڵ ناكرێت.

دڵنیاییش دەدات، بە سوپاسەوە راستەوخۆ لە دوای پەیوەندییەكانی ئێمەوە، لە بەغداوە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك ئاگاداركرایەوە كە بە ھیچ شێوەیەك ئەو بڕیارە جێبەجێ نەكرێت.

سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەشڵێت، ئەم ھەنگاوەی راكان جبوری، زەنگێكی مەترسیدارە و پێویستە ھەرچی زووترە ئەو كەسە لەو پێگەیە دووربخرێتەوە چونكە مانەوەی ئەو مەترسییە لەسەر پێكەوەژیان لە سنووری پارێزگای كەركوك. ئەو ھەنگاوانەی راکان جبوری تەنها بۆ ڕاکێشانی سۆزی عەشیرەتەکانی نەتەوەی عەرەبە، چونکە لە ئێستادا سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکوک داوای دورخستنەوەی دەکەن.