سبەی باڵیۆزخانەی تورکیا لە دیمەشق دەست بەکار دەکاتەوە
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، لە سبەی شەممەوە 14ی کانوونی یەکەمی 2024، تیمی باڵیۆزخانەی تورکیا لە دیمەشق دەست بەکارەکانی دەکاتەوە و ئامانجی تورکیاش نەهێشتنی یەپەگە و چەکدارە بیانییەکانە.
فیدان داواکارە حکوومەتێکی گشتگیر لە سووریا دابمەزرێت، کە نوێنەرایەتیی سەرجەم پێکهاتەکانی وڵاتەکە بکات، گوتیشی: ئامانجی ستراتیجی تورکیا نەهێشتنی چەکدارانی یەگەپە لە سووریا، چونکە دەمانەوێت سووریایەک دابمەزرێت بۆ هەموو پێکهاتەکان بێت و هیچ تیرۆریستێکی تێدا نەبێت، چونکە لەگەڵ زیاتر سەقامگیری و ئاسایی بوونەوەی دۆخی سووریا، گەڕانەوەی پەنابەران بۆ وڵاتەکەیان زیاتر دەبێت.
هەروا ڕایگەیاند، حکوومەتی نوێی سووریا لە چوارچێوەی یەکپارچەیی وڵاتەکە کار دەکات دەرفەت بە هەسەدە نادات، هاوکات پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ هەسەدە لەمەودوا پێچەوانەی گۆڕانکارییەکانی سووریا دەبێت، هەربۆیە دهبێت چهكداره بیانییهكانی یهپهگه سووریا بهجێبهێڵن.
فیدان لە قسەکانیدا ئەوەشی ئاشکراکرد، کە ڕووسیا و ئێرانیان ڕازی کردووە لە ئەگەری هێرشی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد، هیچ دەستوەردانێکی سەربازی نەکەن. گوتیشی: لە هەمووی گرنگتر ئەوە بوو، کە هەردوو وڵاتەکە هیچ کردەیەکی سەربازیان نەکرد، چونکە باش تێگەیشتن کە کار لە کار ترازاوە.
هەر ئەمڕۆ هەینی، وەزیری دەرەوەی تورکیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ئەنقەرە، لە کۆنفڕانسێکی هاوبەشدا ڕایگەیاند، نابێت ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە سووریا پێگە و دەسەڵاتییان هەبێت، چونکە لەگەڵ بلینکن قسەمان لەسەر نیگەرانییەکان و سووریای نوێ کردووە، تیشکمان خستووەتە سەر ئەوەی نابێت داعش و پەکەکە لە سووریا دەسەڵاتییان هەبێت.