تەندروستی هەرێم رێگایەکی نوێ لەگەڵ بەشێک لە تووشبووانی کۆرۆنا بەکاردەهێنێت
لە ژێر رۆشنایی بڕیارەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی
K24- هەولێر:
د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەگوێرەی رێنماییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، ئەو نەخۆشخانەی بۆ ماوەی 11 رۆژ لە نەخۆشخانە مانەوە و هیچ نیشانەیەکییان نەبوو، وەکو چارەسەر کراو مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەرپرسانی تەندروستی هەرێمی کوردستانیش بڕیاریانداوە هەمان رێگا بەکاربهێنن، ئەو جۆرە نەخۆشخانە بۆ ماڵەوە رەوانە بکەنەوە و لەوێ خۆیان کەرەنتین بکەن.
راشیگەیاند، 265 نەخۆش لە ژێر چاودێریین و لە ئەگەری زیادبوونی ژمارەکان، نەخۆشخانەکان زیاد دەکەین.
لەبارەی بەکارهێنانی بەشە ناوخۆییەکان، د. دلۆڤان گووتی، دوای بەکارهێنانیان بەجۆرێک پاکدەکرێنەوە کە هیچ ئاسەوارێکی ڤایرۆسەکەیان تێدا نامێنێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، تەنها سێ نەخۆش لە هەولێر لە ژێر هەناسەی دەستکردن، ئەگەر پێویست بکات پلازمای خوێنی چاکبووەوەکانیش بۆ نەخۆشەکان بەکاردەهێنن.