ئەبو محەممەد جۆلانی نامەیەک بۆ هونەرمەند دورەید لەحام دەنێرێت
فەرماندەی دەستەی تەحریر شام ئەحمەد شەرع(ئەبو محەممەد جۆلانی) کە توانی دوای 24 ساڵ، کۆتایی بە دەسەڵات و ڕژێمی بەشار ئەسەد بێنێت، نامەیەکی تایبەت بۆ هونەرمەند دورەید لەحام( غەوار توشی) دەنێرێت و پێی دەڵێت: ئێمە خۆشمان دەوێی، دڵگران مەبە بەوەی خەڵکی تۆمەتبارت دەکەن .
دورەید لەحام زیاتر لە 60 ساڵ خزمەتی هونەری شانۆ و درامای سووریای کردووە و چەندین جار لەلایەن ڕژێمی سووریا و هەواڵگریی ئەو وڵاتەوە دەستگیر کراوە، لەگەڵ ئەوەی ئەو هونەرەمەندە هەوڵیداوە لەڕێگەی هونەرەکەیەوە، خزمەتی پرسی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی بکات.
هونەرمەند دورەید لەحام لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا ئەمڕۆ شەممە 14ـی کانوونی یەکەمی 2024 دەڵێت: ژمارەی لقەکانی هەواڵگریی ئەسەد لە ژمارەی قوتابخانەکانی سووریا زیاتر بوون، دەشڵێت: ئێمە سووریاییەکمان دەوێت بەبێ کارگەی کێپتاگۆن کە سەر بە دەسەڵات بێت، گوتی: ئەگەر ڕەخنەم لە بەشار ئەسەد بگرتبا، ئێستا ئێسک و پرسکی منتان لە بەندیخانەی سێدنایا دەدۆزیەوە.
دورەید لەحام دەڵێت: سوپاسی بەشار ئەسەد دەکەین کە هەڵات، ئاماژەی بەوەشکرد، گەورەترین بەندیخانەی سووریا بۆ خاوەن ڕاکان بوو.
لە پەیامێکی ڤیدیۆیشدا، هونەرمەند دورەید لەحام چەند رۆژێک پێش ئێستا بەبۆنەی کەوتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دەڵێت: پیرۆزبایی لە نیشتمانەکەم سووریا دەکەم بەبۆنەی لەدایک بوونی نوێی، گوتی: پێویستە یەک دەست بین بەتەواوی پێکهاتە و بیر و باوەڕە جاوازەکانمان.
دورەید محەممەد حەسەن لەحام لە 7ـی شوباتی ساڵی 1934 لە گەڕەکی ئەمین لە دیمەشق لە باوکێکی سووری و دایکێکی لووبنانی لەدایک بووە.