روونکردنەوە لەبارەی بوونی راکان جبووری بە پارێزگای فەرمی کەرکووک دەدرێت
دوێنێ هەواڵەکە بڵاوکرایەوە
K24- هەولێر:
شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا رەتی دەکاتەوە، راکان جبووری، پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک بە فەرمی بووبێتە پارێزگاری کەرکووک.
شاخەوان عەبدوڵڵا نووسیویەتی، دیارە دوێنێ هەواڵێک لە پەیجی راکان سعید بڵاوکراوەتەوە بەوەی کراوەتە پارێزگاری کەرکوک بەفەرمی، لەدوای بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە پەیوەندیمان کرد بە نوسینگەی بەرێز سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەمینداریەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئەوەیان پشت راستکردەوە کەئەو هەواڵە هیچ بنەمایەکی نییەو دوورە لەراستییەوە.
دەشڵێت، دەمەوێت ئەوەش بڵێين کە ئێمە لەرابردووش دانمان بە راکان سعید نەناوە وەکو پارێزگاری بەوەکالەت و هەموو هەنگاوێکیش دەنێين بۆ ئەوەی باجی ئەو تاوانانە بداتەوە کە لەدوای 16 ئۆکتۆبەر ئەنجامی داوە.
دووپاتیشی دەکاتەوە، هەموو ئەو بڕیارە نایاساییانەی لەلایەن ناوبراو دراوە هەڵدەوەشێتەوە وهیچ بەهایەکی یاساییان نییە.
لە سەرەتای وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، راکان جبووری دەستی بە دژایەتیی کردنی کورد کردووە، لە دواین هەوڵیشیدا، دەیەوێت هەندێک عەشیرەتی عەرەب کە لەدوای ساڵی 2003 کەرکووکیان جێهێشتووە و چوونەتەوە شوێنەکانی خۆیان، بگەڕێنێتەوە و کوردەکان لە ناوچەکانیان دەربکات.