تێچووی چارەسەرکردنی تووشبوویەکی کۆرۆنا دەبێتە جێی سەرسوڕمان
''پەشیمانە لەوەی چارەسەر کراوە"
K24- هەولێر:
میکایل فلۆری تەمەن 70 ساڵ لە سیاتڵی ئەمەریکا بووە موعجیزە چونکە سەرەڕای ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەناسەی لێبڕیبوو، ماڵئاوایی لە خێزانەکەی کرد، کەچی دواجار توانی زیندوو بمێنێتەوە.
ئەو نەخۆشە ماوەیەکی زۆر لە نەخۆشخانە مایەوە تا چارەسەر کرا، بەڵام رەنگە ئێستا پەشیمان بووبێتەوە لەوەی تەنانەت چاکیشبووەتەوە چونکە پسوولەی ماوەی مانەوەی لە نەخۆشخانە یەک ملیۆن و 100 هەزار دۆلارە. یەک دەفتەر کە لە 180 پەڕە پێکهاتووە دراوە بە فلۆر و تەواوی وردەکاریی تێچووی مانەوەی لە نەخۆشخانە تێدایە.
لەبەر ئەوەی فلۆر خاوەنی بیمەی تەندروستییە، نەخۆشییەکەشی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، پارەی زۆربەی ئەو تێچوانە نادات، بەڵام ئەوەی مایەی جێگای سەرسوڕمانە ئەوەیە، سیستمی تەندروستی وڵاتێک چۆن دەتوانێت بۆ 62 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، زیاد لە یەک ملیۆن دۆلار لە نەخۆشێک بسەنێت.
تەنها بە مانەوەی لە ژووری چاودێریی ورد، رۆژانە بڕی 9 هەزار و 736 دۆلاری لەسەر نوسراوە. هەروەها 29 رۆژ ئامێری هەناسەدانی دەستکردی بۆ دانراوە، رۆژانە ئەو ئامێرەش نرخەکەی دوو هەزار و 833 دۆلار بووە. هەروەها بەهۆی جیاکردنەوەی لە نەخۆشەکانی دیکە و خزمەتی تایبەت، بۆ ماوەی 42 رۆژ، 408 هەزار دۆلاری لەسەر نووسراوە. ئەمەش جیا لەوەی فلۆر کێشەی گورچیلە و دڵی بۆ دروستبووە و چارەسەرکراوە.
ئەو چارەسەرکراوە بە سایتی سیاتڵ تایمزی گوتووە، هەست بە تاوان دەکەم چونکە ئەو هەموو پارەیە بۆ من خەرجکراوە. من بەڕاستی شایەنی ئەو پارەیە نیم.
دەشڵێت، چۆن دەبێت چارەسەری نەخۆشییەک ئەو هەموو پارەیەی تێبچێت؟