نوێنەری جووتیارانی کورد لە سنووری سەرگەڕان: سوپای عێراق گوێ بە یاسا نادات و زوڵممان لێ دەکات
یەکشەممە، 15ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، جووتیارانی سنووری سەرگەڕان لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە بە دەست سوپای عێراقەوە گرفتارن، بەردەوام سوپای عێراق گێچەڵیان پێ دەکات.
سوپای عێراق بوون بە بەربەستی گەورە لە بەردەم جووتیاران، بەهۆی ڕێگرییەکانی سوپاوە کشتوکاڵ لەو سنوورە ڕاگیراوە.
محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی سنووری سەرگەڕان دەڵێت: "بڕیار بوو سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق بێتە لای هێزی سەربازیی ئەم ناوچەیە، ئێمەش بە دەرفەتمان زانی قسەی لەگەڵ بکەین و کێشەی جووتیارانی لا باس بکەین، چونکە ئەوەی سوپای عێراقی بە تایبەت فرقەی 8 لەم ناوچە بە جووتیارانی کوردی دەکات، هیچ کەس نایکات، زوڵم و ستەمێکی زۆر لە کورد دەکەن."
دەشڵێت: "سوپای عێراقی لەم ناوچە ناهێڵێت جووتیارانی کورد ئیشوکار یا کشتوکاڵ بکەن، هیچ گوێ بە یاسا نادەن، چەندان نووسراوی فەرمیی ئەنجوومەنی وەزیران و قایمقام و پارێزگامان هێناوە نیشانمان داون، بەڵام ئەوان گوێ بە هیچ یەک لەو نووسراوە فەرمییانە نادەن."
نوێنەری جووتیاران ڕاشیگەیاند "ئێمە بە پێی یاسا زەوییەکانمان بۆ گەڕاوەتەوە، نووسراوی فەرمی سەرۆکی ئەرکانمان لایە، ئەو ڕێز لە ئیمزای خۆی ناگرێت، بۆیە سوپاش ڕێز لە ئیمزاکەی ئەو ناگرن." ئەو دەڵێت: "دەست بە ئیشوکاری خۆتان بکەن، بەڵام یەکسەر هێزیان ناردووە و ناهێڵن کاری خۆمان بکەین، وەک ئەوە وایە کە ئەم ناوچەیە داعشی لێ بێت یان ناوچەیەک بین لەسەر سنووری سووریا، ناهێڵن خەڵک ئیشوکاری خۆیان بکەن."