ئەمڕۆ خولی نایابی كوردستان رۆژێكی پڕگۆڵی تێپەڕ كرد
یارییەكەیان نەدۆڕاند، بەڵام هاندەرانیان دڵتەنگ كرد
لە گەڕی هەشتەمی خولی نایابی كوردستان، شێروانە تووشی دووەمین شكستی لەسەریەك بوو، پێشمەرگەی هەولێریش بە بردنەوەی لە دەربەندیخان لوتكەی خولەكەی گرت، یانەكانی چوارقوڕنە و سەیدسادق بۆ هەشتەمین گەڕ لەم وەرزە نەیانتوانی تامی هیچ سەركەوتنێك بكەن.
برایەتی ریمۆنتادای بەسەر شێروانەدا كرد
شێروانە لە كەلارەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی برایەتی سەردانی هەولێری پایتەختی كرد، لە یارییەكی پڕگۆڵ و لوتكەدا برایەتی توانی ریمۆنتادا بەسەر نوێنەرەكەی گەرمیان دا بكەن.
لە خولەكی 12ـی دەستپێكی یارییەكە، هێمن فەرەج هێرشبەرە لاوەكەی شێروانە گۆڵی یەكەمی لە یارییەكە كرد، بەڵام لە خولەكی 25 محەمەد خەلیل.
پاشان كۆڕەنگ محەمەد بەرگریكاری شێروانە گۆڵی دووەمی بۆ یانەكەی تۆمار كرد و دووبارە یانە كەلارییەكە پێشكەوتەوە، بەڵام لە خولەكی 47 رەدوان نەسرەدین هێرشبەری برایەتی ئەنجامەكەی یەكسان كردەوە، بەڵام لە كۆتاییەكانی یارییەكە بە دیاریكراوی لە خولەكی 91 محەمەد خەلیل گۆڵێكی كوشندەی بۆ برایەتی تۆمار كرد و سەركەوتنێكی گەورە و كاریگەری تۆمار كرد.
برایەتی سێیەمین سەركەوتنی تۆمار كرد و بە كۆكردنەوەی 11 خاڵ پلەی هەشتەمی گرت، لە بەرامبەردا شێروانە پێشەنگی لەدەست دا و بە 16 خاڵ بۆ پلەی دووەم دابەزی.
پێشمەرگە پێشەنگی بە شێروانە چۆل كرد
پێشمەرگەی هەولێر لە پیرمام پێشوازی لە دەربەندیخان كرد، توانا ئەمیر یاریزانی پێشمەرگە لە خولەكی 37 بە لێدانێكی بەهێز گۆڵی پێشكەوتنی كرد، پاشان لە نیوەی دووەم گۆران عیماد گۆڵی دووەمی بۆ پێشمەرگە زیاد كرد، لە كۆتاییەكانی یارییەكەش بڵند ئازاد جیاوازییەكەی بۆ دەربەندیخان كەم كردەوە و لە خولەكی 84 گۆڵێكی جلشینەكانی دەربەند تۆمار كرد، بەڵام ئەم گۆڵە نەیتوانی یانەكە لە شكست رزگار بكات و پێشمەرگە پێنجەمین سەركەوتنی تۆمار كرد و بە 17 خاڵ لوتكەی گرت.
نەدۆڕان، بەڵام هاندەرانیان دڵتەنگ كرد
سەیدسادقی نوێنەری شارەزوور بۆ رووبەڕووبوونەوەی چوارقوڕنە سەردانی دەڤەری ڕاپەڕینی كرد، ئەم دوویانەیە بۆ هەشتەمین گەڕ لەم وەرزە نەیانتوانی تامی سەركەوتن بكەن، بەوپێیەی یارییەكە بە 2 گۆڵ بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات.
یانەی سەیدسادق لە ماوەی 4 خولەكی سەرەتای یارییەكە، لە رێگەی سەعد عەبدوڵڵا دوو گۆڵی لەسەریەكیان تۆمار كرد، ئەمەش گڕی لە یارییەكە بەردا، لە خولەكی 25ـی نیوەی دووەمی یارییەكە چوارقوڕنە لە رێگەی گەیلان بوڕهان جیاوازییەكەی كەم كردەوە و گۆڵی یەكەمی چوارقوڕنەی تۆمار كرد.
دواتر بەڵێن فایەق لە رێگەی لێدانی پێناڵتی ئەنجامەكەی بۆ چوارقوڕنە یەكسان كردەوە و یارییەكەش بە 2 گۆڵ بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات، بەمەش ئەم دوو یانەیە لەم وەرزە هێشتا نەیانتوانیوە تامی سەركەوتن بكەن.
چوارقوڕنە لە كۆی 7 یاریی ئەم وەرزە 4 خاڵی هەیە و لە خانەی سێزدەیەم دێت، لە بەرامبەردا سەیدسادق لە كۆی 8 یاری، 3 خاڵی هەیە و لە خانەی پازدەیەمی كۆتایی دەبینرێت.
هەولێر سەركەوتنەكانی سیروانی نوێی وەستاند
لە نیوەی یاریگەی دووەمی فرەنسۆ هەریری هەولێر میوانداریی سیروانی نوێی كرد، بەرگزەردەكانی پایتەخت یارییەكەیان بە تاكە گۆڵێكی محەمەد هاوار بردەوە، ئەمەش دووەمین سەركەوتنی لەسەریەكی ئەم وەرزە هەولێرییەكان بوو، لەبەرامبەردا سیروانی نوێ دوای 3 سەركەوتنی لەسەریەك تووشی یەكەمین شكست بوون.
سیروانی نوێ بە كۆكردنەوەی 11 خاڵ بۆ خانەی حەوتەم دابەزین، لە بەرامبەردا یانەی هەولێر بە 6 خاڵ بۆ خانەی یازدەیەم سەركەوتن.