ئومێد خۆشناو: حکومەت پارەی بۆ چاککردنەوەی کارگەی ئۆکسجینی سلێمانی دابینکرد

"لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سایتەکان وا نیشاندەدرێت، حیزبێک ئەو کارەی کردووە"

K24 - هەولێر

حکومەتی هەرێمی کوردستان پارەی بۆ چاککردنەوەی بەشی لەکارکەوتووی کارگەی دروستکردنی ئۆکسجینی پزیشکیی لە سلێمانی تەرخانکرد، بەڵام هەندێک لایەن بانگەشەی ئەوە دەکەن پارەکە لەلایەن کەس و لایەنێکەوە تەرخان کراوە.

ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان زۆر زیاترە، بەجۆریک لەو 42 کەسەی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو پەتا جیهانییەوە گیانیان لەدەستداوە، 38 کەسیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بوون.

پەتای کۆرۆنا زیاتر کاریگەری لەسەر کۆئەندامی هەناسەی تووشبووان دەکات، بۆیە بوونی ئۆکسجین لە نەخۆشخانەکان یەکێکە لە پێویستییە هەرە سەرەکییەکانی چارەسەرکردنی نەخۆشەکان، ئەمەش وایکرد وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەزووترین کات بەدەم داواکاری پارێزگای سلێمانییەوە بچێت بۆ دابینکردنی پارە بۆ چاککردنەوەی بەشی لەکارکەوتووی کارگەی بەرهەمهێنانی ئۆکسجینی سلێمانی و، زیاتر لە 26 ملیۆن دیناری بۆ دابینکردن.

ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان 24 دەڵێ "بێ مۆرالییە بۆ هەر لایەنێک لە کەموکوڕییەکان خۆی بکشێنێتەوە و لە دەستکەوتەکانیش بڵێ ئەوە منم دەستکەوتی گەورەم بەدەستهێناوە"، کارگەی دروستکردنی ئۆکسجین لە سلێمانی بە نموونە دەهێنێتەوە و دەشڵێ "چەند رۆژێک بوو کێشەی هەبوو، گرفتەکەشی تەنیا ماددە نەبووە، بەڵکو ماددە بەشێکی گرفتەکە بووە، دوو سێ رۆژ لەمەوبەر، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی پارەی پێویستی بۆ دابینکرد، کەچی ئێستا بڕۆ سەیرکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سایتەکان وا نیشاندەدرێت، کە حیزبێک ئەو کارەی کردووە!".

Fly Erbil Advertisment