زانکۆی ئەمەریکی لە کوردستان سەرۆکێکی نوێی دەستنیشان کرد
خاوەن پاشخانێکی پەروەردەیی مەزنە
K24- دهۆک:
د. رانداڵ رۆدیس، سەرۆکی پێشووی زنکۆی ئەمەریکی لە ئەرمینیا و سەرۆکی دەستەی زانکۆی فرۆستبێرگ لە ئەمەریکا، وەک سێیەم سەرۆکی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک هەڵبژێردرا.
د. رانداڵد دەرچووی زانکۆی شیکاگۆیە و لە ساڵی 1985ـەوە سەر و سەودای لەگەڵ ژینگەی ئەکادیمی هەبووە و چەندین پێگە و پۆستی جیاوازی وەک ئەندامی بۆرد، سەرۆکی بەش و سەرۆکی زانکۆ وەرگرتووە.
ئەم سەرۆکە نوێیەی زانکۆکە، جێگای باڵیۆز جۆن مێنزیس دەگرێتەوە کە وەکو سەرۆکێکی کاربەڕێکەر ناوی دەمێنێتەوە کە بووەهۆی ئەوەی زانکۆکە لە چەند قۆناغی سەختدا سەربخات و پێشی بخات.
د. رانداڵ رۆدیس لە راگەیەندراوێک کە لە ماڵپەڕی فەرمی زانکۆی ئەمەریکی بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، زۆر بە پەرۆشم بەبوون بە بەشێک لە کۆمەڵگەی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک. زانکۆکە گەنجە و پڕە لە خەون تاوەکو ببێتە رابەری پەروەردە، ئابووری و گەشەکردنی کۆمەڵایەتی لە کوردستان. با پێکەوە کار بکەین تاوەکو ئەم روانگەیە سەر بخەین و بنەما بەرزەکانی زانکۆکە رابگرین و زانکۆکە بکەینە نموونەیەکی ناوچەکە لە خوێندنی باڵا.
هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی زانکۆکە لە رێگای لێژنەیەک بوو بە سەرۆکایەتی دکتۆر ھونەر عیسا، سەرۆکی لیژنەی لێگەڕین و سکرتێری بۆردی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان و ئەندامانی لیژنەی لێگەڕینی زانکۆکە بووە کە لە هەریەک لە سەرۆکی زانکۆی ئەمەریکی لە پاریس، سەرۆکی زانکۆی ئەمەریکی لە بەیروت، سەرۆکی زانکۆی دهۆک و سەرۆکی پێشووی زانکۆی ئەمەریکی لە واشنتن پێکهاتووە.
لیژنەکە د. رۆدێیس وەک بیرکەرەوەیەکی ستراتیژ کە ئەزموون و زانیارییەکی زۆری لە جێبەجێکردنی پلانە ستراتیژییەکانی هەیە وەسف کردووە؛ هەروەها، لیژنەکە دڵنیان لەوەی سەرۆکی نوێی زانکۆی ئەمەریکی سەرکەوتن و ژیانێکی باشتر بۆ زانکۆکە دابین دەکات.
زانکۆی ئەمەریکی لە کوردستان لە ساڵی 2014ـەوە وەک ناوەندێکی قازانج نەویست دامەزراوە و توانیویەتی جێی خۆی وەک یەکێک لە باشترین زانکۆکان بکاتەوە. هەروەها، لە رێگای پێشکەشکردنی سیستمی خوێندنی نێودەوڵەتی، قوتابیان بۆ خزمەت و سەرکردایەتیی داهاتوو ئامادە دەکات.