بەڵێندەرە عێراقییەکان گەندەڵی لە دروستکردنی قوتابخانەکانی پرۆژەی چینییەکان دەکەن

بڕیارە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان چین و عێراق، چین هەزاران قوتابخانە لە عێراق دروست بکات، بەشێک لەو قوتابخانانە تەواو بوونە، بەڵام خراپیی کوالێتی قوتابخانەکان خەڵکیان توشی سەرسووڕمان کردووە، چاودێران دەڵێن: کۆمپانیا چینییەکان تەندەری دروستکردنی قوتابخانەکانیان فرۆشتووە بە بەڵێندەرە عێراقییەکان، بەڵێندەرە ناوخۆییەکانیش کەرەستەی خراپیان لە دروستکردنی قوتابخانەکان بەکار هێناوە.

مستەفا عەبودی، ڕۆژانامەنووس، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئێمە حەپەساین کاتێک زانیمان کۆمپانیا چینییەکان پرۆژەی دروستکردنی قوتابخانەکانیان داوەتە کۆمپانیای عێراقی، ئاگامان لەم بابەتە نەبووە، دەبوو وەزارەت چاودێرییان بکات."

ئەو کەموکورتیانەی لە قوتابخانەکانی نەجەف دەرکەوتوون، وا دەکات لەئاستی ئەوەدا نەبن نەوەی نوێی وڵات وانەی تێدا بخوێنن، چاودێران باس لەوە دەکەن هۆی کەموکورتییەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کۆمپانیا چینییەکان تەندەری قوتابخانیان فرۆشتووە بە کۆمپانیا و بەڵێندەری عێراقی، بەڵێندەرە عێراقییەکانیش دوور لە هەموو پێوەرێک و بەکوالێتی خراپ قوتابخانەکانیان دروست کردووە.

چالاکوانێکیش دەڵێت: "گومانی تێدا نییە ئێمە دژی ئەوەین پرۆژەکان لە نێوان کۆمپانیا چینییەکان و کۆمپانیاکانی دیکە کڕین و فرۆشتنیان پێوە بکرێت، ئێمە وەک هاووڵاتیان بازرگانیکردن لەسەر حسابی منداڵەکانمان ڕەت دەکەینەوە."

مەردان بەردی، بەڕێوەبەری پەروەردەی نەجەف ئاماژەی بەوە کرد "بابەتی قەرزی چینیەکان و دروستکردنی قوتابخانە لەشارەکەی ئێمە هیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و لەلایەن ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، تەنانەت ئەو لیژنانەی بۆ بەدواداچوون بۆدروستکردنی قوتابخانەکان دەکەن، سەر بەئەنجوومەنی وەزیران بوون".

بەگوێرەی پلانەکان، دەبوو دروستکردنی ئەو قوتابخانانە هەنگاوێکی گرنگ بووبان لەخزمەتکردنی ژێرخانی پەروەردەی نەجەف، هەروەها هەستی قوتابی بۆ خوێندن زیاتر بکەن، ئەو دروشمە بەدی بهێنن کە دەڵێت بەدوای زانست بکەون ئەگەر لە چینیش بێت، بەڵام بەپێچەوانەوە ڕێگەی عێراق بەرەو چین ئێستا لێوانلێوە لە گەندەڵی، چونکە پرۆژەی چینییەکان لە عێراق کوالێتی نییە و پەیامەکەی نەگەیاندووە.