پارتی و یەکێتی بۆ جاری دووەم لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت کۆ دەبنەوە

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان (ڕاست) و لۆگۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (چەپ)
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان (ڕاست) و لۆگۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (چەپ)

سبەینێ 17ی کانوونی یەکەمی 2024، هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی لە پیرمام بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی کوردستان و پێشهاتەكانی سووریا و ناوچەكە، كۆ دەبنەوە.

دڵشاد شەهاب، ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "سبەینێ سێشەممە، 17-12-2024، هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پیرمام كۆ دەبنەوە."

کۆبوونەوەکە کاتژمێر 10:00ـی بەیانی بەڕێوە دەچێت و وەکوو ئەوەی دڵشاد شەهاب باسی کرد، ئامانج لێی، تاوتوێکردنی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی کوردستان و پێشهاتەكانی سووریا و ناوچەكەیە. 

ئەمە دەبێتە دووەم كۆبوونەوەی هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی و یەكێتی بۆ تاوتوێكردنی پێكهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو کاتەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان کراوە. 

کۆبوونەوەی یەکەمی نێوان هەردوو شاند، 30ـی مانگی ڕابردوو لە دەباشان بەڕێوە چوو. هەردوولا لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە کرد "کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە."