کونسوڵی قەتەر لە کوردستان: پەیوەندیی نێوان قەتەر و هەرێمی کوردستان مێژووییە
کونسوڵی قەتەڕ لە هەرێمی کوردستان، ڕۆژی نیشتمانی قەتەری بە دەرفەت زانی بۆ ئەوەی ئاماژە بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و قەتەر بکات و گوتی: ئەو پەیوەندییە مێژووییە.
دووشەممە 16ـی کانوونی یەکەمی 2024، لە ئاهەنگی ڕۆژی نیشتمانی قەتەر کە بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو، گوتی:سوپاسی خاوەنشکۆتان پێ ڕادەگەیەنم، پەیوەندیی قەتەر و هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی مێژووییە، سوپاسی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەکەین کە لە کردنەوەی کونسوڵخانەش ئامادەبوو وەک ئەمڕۆ، بە گرنگییەوە لە سەردانەکانی نێوان بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و قەتەر دەڕوانین.
لە 24-05-2024ـی ڕابردوو، شاندێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، به سهرۆكایهتیی ئهحمهد حهسهن، ئهمینداری گشتیی وهزارهتەکە، بە مەبەستی کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتییان لە شاری هەولێر،هاتنە هەرێمی کوردستان و 25-05-2024، لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەوە، دوای ئەوە، 26ـی ئایاری 2024 به ئامادهبوونی سهرۆكوهزیران مهسرور بارزانی و بەرپرسانی حکوومی، كونسوڵخانهی گشتیی قهتهر له ههولێر کرایەوە.
مەسرور بارزانی ئەو کاتە و لە مەراسیمی کردنەوەی کونسوڵخانەی قەتەر گوتی: کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتی قەتەڕ هاوکار و یارمەتیدەر دەبێت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوانمان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بەتایبەتی لە بوارەکانی بازرگانی و کشتوکاڵی و کولتووری و خوێندنی باڵادا.
سەرۆک وەزیران گوتیشی: قەتەر لە ڕووی وەبەرهێنان و ئاوەدانیی و بيناسازی و وزە و جموجۆڵ و چالاکی ئابوورییەوە، دەوڵەتێکی دەوڵەمەند و خاوەن ئەزموونێکی سەرکەوتووە، بۆیە دەکرێ هەرێمی کوردستان سوود لە ئەزموونی دەوڵەمەندی قەتەر لەم بوارانەدا وەربگرێت .
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی سەقامگیر و ئارامی دەڤەرەکەیە و لە هەمانکاتدا سروشت و جوگرافیای هەرێم زۆر لەبارە بۆ وەبەرهێنان لە بواری جۆراوجۆردا، بەتایبەتی کشتوکاڵی و گەشتیاری و پێشەسازی، گوتی: ئێمە بە هەموو توانایەک پێشوازیی و پشتگیریی لە وەبەرهێنانی فرەچەشن دەکەین کە بەشێکە لە کارنامەی حکومەت لە ڕووی فرەچەشنکردنی ئابووری.