حیزبوڵڵای عێراقی هەڕەشە لە هێزەکانی ئەمریکا دەکات
چەند کاتژمێرێک لەدوای بەئامانجکردنی سەربازگەی تاجی
K24 - هەولێر
دوای هێرشە مووشەکییەکەی سەر سەربازگەی تاجی لە باکووری بەغدا، کە سەربازانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی تێدا جێگیرکراون، کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق، جارێکی دیکە هەڕەشە لە هێزەکانی ئەمریکا دەکات و دەڵێ "ئەگەر لە عێراق نەکشێنەوە، باجێکی قورس دەدەن".
تەنیا چەند کاتژمێرێک کەوتە نێوان هەڕەشەی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق لە هێزەکانی ئەمریکا و، هێرشە مووشەکییەکەی سەر سەربازگەی تاجی لە باکووری بەغدا، کە سەربازانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی تێدا جێگرکراون.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق شەوی رابردوو (شەممە، 13-6-2020) بڵاویکردەوە، لە رێگەی دوو مووشەکی کاتیۆشاوە هێرشکرایە سەر سەربازگەی تاجی لە باکووری بەغدا و، هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێنهكهوتووهتهوه، مووشەکەکانیش لە نزیک کارگەی نەسرەوە ئاراستەی بنکەکە کراون.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیش، راگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشەکەوە بڵاوکردەوە و بڕیاریدا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی هێرشە پێکبێنێت.
فەرماندەییەکە پێیوایە هەندێک لایەن دەیانەوێت، ببنە هۆکاری شێواندنی دۆخەکە و تەگەرە دروستکردن لەبەردەم رێککەوتنی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا.
چەند کاتژمێرێک دوای هێرشەکە، کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق، جارێکی دیکە هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمریکا کرد، ئەگەر لە وڵاتەکە نەکشێنەوە.
لە راگەیەنراوەکەی ئەو گرووپە چەکدارەی حەشدی شەعبیدا هاتووە "عێراقییەکان چاوەڕێ بوون، حکومەت لە ماوەیەکی دیاریکراودا هێزە بیانییەکان لە وڵات دەربکات، لەو بڕوایەدا نەبوون، چۆک بۆ ویستی ئەمریکا بۆ دانوستان و گفتوگۆ و دانانی مەرج و کات بۆ کشانەوە بدات، کە هۆکارە بۆ زیاتر پێشێلکردنی سەروەریی عێراق".
حزبوڵڵای عێراق هەڕەشەی زیاتر دەکات و دەڵێ "ئەمریکا بە پێشێلکردنی رێککەوتن و پەیماننامەکان ناسراوە و، جێگەی متمانە نییە. ئەگەر لە وڵات نەکشێتەوە، باجێکی قورس دەدات".
رووداوەکە بێ پێشنینە نییە و چەند رۆژێک لەمەوبەریش، دووجار بە مووشەک هێرشکرایە سەر ناوچەی سەوز لە ناوەڕاستی بەغدا.
لە پێنجی کانوونی دووەمی رابردوودا پەرلەمانی عێراق، بە زۆرینە دەنگی فراکسیۆنە شیعەکان، بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی پەسەندکرد، بڕیارەکەش دوای دوو رۆژ بوو لە کوژرانی قاسم سولێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا.
هـ.ر.