وەزارەتی پێشمەرگە داوایەك لە ھێزە عێراقییەكان دەكات
راگەیەندراوێك لە وەزارەتی پێشمەرگەوە
K24 - ھەولێر
لەسەر ھێرشە چەكدارەییەكەی شەوی رابردووی سنووری خانەقین وەزارەتی پێشمەرگە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و داوا لە ھێزە عێراقییەكان دەكات، سەرو ماڵی خەڵکی بێتاوان، بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و ئاینیی بپارێزن، راشیدەگەیەنێت "سەلامەتی دانیشتوانی ئەو سنوورانە لە ئەستۆی ئەو هێزانەیە، کە لەو سنوورە جێگیر کراوان".
لە راگەیەندراوەكەدا ھاتووە: "ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە، بەتوندی دژ بە تاوانی قێزەوەنی لەو شێوەیە دەوەستینەوە، داواش لەهێزە عێراقییەکانی ئەو سنوورە دەکەین سەرو ماڵی خەڵکی بێتاوان، بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی بپارێزن و سەلامەتی دانیشتوانی ئەو سنوورانە لەئەستۆی ئەو هێزانەیە، کە لەو سنوورە جێگیر کراوان. لەماوەی رابردوو، چەندینجار هۆشداریمان داوە لە نەبوونی هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانە و مەترسیی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقیمان خستۆتەڕوو".
وەزارەتی پێشمەرگە راشیگەیاند: "بەچەند بارەبوونەوەی تاوانی لەو شێوەیە، وا دەخوازێت بەزووترین کات، لیژنەی باڵای هاوبەشی وەزارەتی بەرگری عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە کارا بکرێتەوە، بەیەکەوە لەرێگەی (پێشمەرگە و سوپای عێراقی) کار بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیانە بکرێت، بەجۆرێک سەرو ماڵی رۆڵەکانمان لەو ناوچانە بە کورد و عەرەب و تورکمان و تەواوی پێکهاتە ئایینی و نەژادییەکان پارێزراوبێت. بە ئامانجگرتنی کوردانی ئەو ناوچانە و چۆڵکردنی گوندە کوردییەکان بە زەبری هێز، تاوان و کوشتن، تەنیا کاری ئەو گرووپە تیرۆریستیانەیە کە لەگەڵ داعش بوون و دەیانەوێت بەو کردەوە ترسنۆکانەیان کورد ناوچەکە چۆڵ بکات و بەردەوامی بدەن بە شاڵاوی تەعریب و تەهجیر لەو ناوچانە".
دەقی راگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە: .
شەوی 13 لەسەر 14ی 6ی2020 گرووپێکی چەکداری سەر بە تیرۆریستانی داعش هەڵدەکوتنە سەر گوندی (دارا)ی سەر بە قەزای خانەقین و بەداخەوە، حەوت کەس لە خێزانێکی کوردی کاکەیی، شەهیدەکەن و پێنجی دیکەش برینداردەکەن.
ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە، بەتوندی دژ بە تاوانی قێزەوەنی لەو شێوەیە دەوەستینەوە، داواش لەهێزە عیراقییەکانی ئەو سنوورە دەکەین سەرو ماڵی خەڵکی بێتاوان، بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و ئاینیی بپارێزن و سەلامەتی دانیشتوانی ئەو سنوورانە لەئەستۆی ئەو هێزانەیە، کە لەو سنوورە جێگیر کراوان.
لەماوەی رابردوو، چەندین جار هۆشداریمان داوە لە نەبوونی هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانە و مەترسیی ئەو فەراغە ئەمنیەی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگەو سوپای عیراقیمان خستۆتەڕوو.
بەچەند بارەبوونەوەی تاوانی لەو شێوەیە، وا دەخوازێت بەزووترین کات، لیژنەی باڵای هاوبەشی وەزارەتی بەرگری عیراق و وەزارەتی پێشمەرگە کارا بکرێتەوە، بەیەکەوە لەرێگەی (پێشمەرگە و سوپای عیراقی) کار بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیانە بکرێت، بەجۆرێک سەرو ماڵی رۆڵەکانمان لەو ناوچانە بە کورد و عەرەب و تورکمان و تەواوی پێکهاتە ئاینی و نەژادییەکان پارێزراوبێت.
بە ئامانجگرتنی کوردانی ئەو ناوچانە و چۆڵکردنی گوندە کوردییەکان بە زەبری هێز، تاوان و کوشتن، تەنیا کاری ئەو گروپە تیرۆریستیانەیە کە لەگەڵ داعش بوون و دەیانەوێت بەو کردەوە ترسنۆکانەیان کورد ناوچەکە چۆڵ بکات و بەردەوامی بدەن بە شاڵاوی تەعریب و تەهجیر لەو ناوچانە.
بۆیە هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە، ئەرکی هێزەکانی پێشمەرگە رێگریکردن و لەناوبردنی خەونی گڵاوی تیرۆریستان و تاریکپەرستانی دژ بە رۆڵەکانمان دەبێت و بەتوندی بەرپەرچی هەر هەوڵ و ئامانجێکی لەو شێوەیە دەدەینەوە.
هاوخەمی و هاوسۆزی خۆمان بۆ کەس و کارو خانەوادەی قوربانیانی ئەو تاوانە دژ بەمرۆڤایەتیە دووپات دەکەینەوە و سەلامەتی و شیفای بەپەلەش بۆ برینداران دەخوازین.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان