کەرکووک..پرۆژەی گەنج و دەوڵەتسازیی لە پانێڵێکدا پێشکەشکرا

پرۆژەی گەنج و دەوڵەتسازیی لە کەرکووک
پرۆژەی گەنج و دەوڵەتسازیی لە کەرکووک

پرۆژەی گەنج و دەوڵەتسازیی لە شاری کەرکووک بەڕێوەچوو کە ژمارەیەکی زۆری گەنجانی شارەکە بەشدارییان تیایدا کرد، پرۆژەکەش بریتی بوو لە پانێڵێک کە سێ بابەتی جیای تێدا پێشکەشکرا، وەک ئاڵا، نەتەوە و گەنج، دەوڵەتسازیی .

سێشەممە 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، پرۆژەی گەنج و دەوڵەتسازیی بەبۆنەی ڕۆژی ئاڵا، لە شاری کەرکووک بەڕێوەچوو.

محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، گەلی کوردستان قوربانی زۆری لەپێناو ئەو ئاڵایە داوە، دەشڵێت: ڕۆشنبیرکردنی گەنجانمان بە دەوڵەتسازیی و چەمکی نیشتمانی لای گەنجان پێویستیەکی هەرە لەپێشە، بەتایبەت خۆشەویستی نیشتمان و ئینتما کە دەبێت بۆ خاکەکەیان هەیانبێت، دەڵێت: خەریک بوو ئەو چەمکانە لای گەنجانی کوردستان کاڵ دەبوویەوە، بەڵام چەند گەنجێک هەوڵی ئەوە دەدەن ئەو ئینتیمایە بۆ گەنجان دروستبکەنەوە و وابکەن گەنجان بیر لە دەوڵەتسازیی بکەنەوە، چونکە ئەوان شوێنی سەرکردەکانی ئێستا دەگرنەوە.

مامۆستا هێمن بیرەسپانی، پێشنوێژ و گوتاربێژی مزگەوتی بیرەسپانیش لە پانێڵەکەدا باسی دەوڵەت و گەنج و دەوڵەتسازیی کرد لەڕوانگەی ئایینەوە، بۆ کوردستان24 لەبارەی ناوەڕۆکی پانێڵەکەوە گوتی: لەسەر فەرموودەیەکی پێغەمبەری ئیسلام وەستاین کە دەفەرمووێ: باشترینتان، باشترینتان ئەو کەسانەن کە بۆ نەتەوەکەی خۆی باش بێت.

هێمن بیرەسپانی دەڵێت: ئێمە دەمانەوێت سەربەخۆ بین و دەوڵەتی خۆمان هەبێت، خودای گەورە ئەو مافەی بە ئێمە داوە.

دواتر، ئەحمەد سیروان، خاوەنی پرۆژەی گەنج و دەوڵەتسازیی گوتی: دوژمنانی کورد بە پیلان دژی کوردستان وا دەکەن ئینتیمای نیشتمانی لای گەنجی کورد کاڵ بکەنەوە.

 
 

 

Fly Erbil Advertisment