نووسینگەی کەرکووکی لیژنەی ماددەی 140: هانی جووتیارە عەرەبەکان دەدرێت ئاژاوە بگێڕن

کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی لیژنەی ماددەی 140
کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی لیژنەی ماددەی 140

بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی لیژنەی ماددەی 140 ڕایگەیاند، جووتیارە عەرەبەکان بە هەندانی هەندێک لایەن، ئاژاوە دروست دەکەن و دەست بەسەر زەویی جووتیارانی کورددا دەگرن. 

چوارشەممە، 18-12-2024، کاکەڕەش سدیق ، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی لیژنەی ماددەی 140 لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "جووتیارە عەرەبەکان هیچ مافێکیان بەسەر زەوییەکانی سەرگەڕان و ناوچەکانی دەوربەری نییە، بەڵام بە هاندانی هەندێک لایەن ئاژاوە دروست دەکەن."

بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی لیژنەی ماددەی 140  ئاماژەی بەوەش کرد "130 جووتیاری عەرەب قەرەبووی زەوییەکانیان وەرگرتووەتەوە، بەڵام ئامادە نین چۆڵی بکەن."

کاکەڕەش سدیق گوتیشی: "بە گوێرەی ڕێککەوتنەکان لە دوای سەری ساڵ بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش لە پەرلەمانی عێراق هەڵدەوەشێنەوە، بەمەش لەسەدا 80ی کێشەی جووتیارانی کورد لە ناوچە کێشەلەسەرەکان چارە دەبن."