شەڕەتەقە لەنێو باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ڕووی دا

لەبەر ڕێگریی لە چوونەژوورەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، شەڕەتەقە لەنێو باڵەخانەی ئەنجوومەن ڕووی دا.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 18-12-2024، لە کاتی هاتنەژوورەوەی ئیبراهیم حافز، سەرۆکی ئەنجوومەن لە دەرگای دووەمی باڵەخانەی پارێزگا کە تایبەتە بە هاتنەژوورەوەی هاووڵاتییان، پاسەوانەکانی ئەو شوێنە کە ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک دایناون، ڕێگرییان لە سەرۆکی ئەنجوومەن و پاسەوانەکانی کرد."
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کرد: "لە ئەنجامی ڕێگرییەکە، دەمەقاڵە لەنێوان پاسەوانەکانی دەرگا و پاسەوانەکانی سەرۆکی ئەنجوومەن دروست بوو، دواتر بۆ شەڕە تەقە گۆڕا و هەردوولا چەکیان لە بەرانبەر یەکتری بەکار هێنا."
سەرچاوەکەی پەیامنێری کوردستان گوتیشی: "دوای ڕووداوەکە دەرگاکانی باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگا داخران". ئاماژەی بەوەش کرد: "سەرۆکی ئەنجوومەن هەڕەشەی هێنانی هێزی حەشدی شەعبی کردووە، بەڵام دوای هەوڵی پارێزگار و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە، دۆخەکە هێورکراوەتەوە و کار بۆ چارەکردنی کێشەکە دەکرێت."