ئەنجامی لێکۆڵینەوەی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی بەردەم ئارایشتگەیەکی هەولێر ئاشکرا کرا

تەقینەوەی باڵۆنەکانی بەردەم ئارایشتگەیەکی هەولێر
تەقینەوەی باڵۆنەکانی بەردەم ئارایشتگەیەکی هەولێر

بەرگریی شارستانیی هەولێر ڕایگەیاند: ژمارەیەک باڵۆن لە بەردەم ئارایشتگەیەکی هەولێر تەقینەوە کە بووە هۆی برینداربوونی چەند کەسێک، لێکۆڵینەوەمان لەبارەی ڕووداوەکە دەستی پێ کرد و هۆی تەقینەوەکەشمان ئاشکرا کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی کانوونی یەکەمی 2024، بەرگریی شارستانیی هەولێر، لەبارەی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی بەردەم ئارایشتگەیەکی هەولێر ئاشکرای کرد، "دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت ئەو باڵۆنانەی کە دوێنێ تەقینەوە و گڕیان گرت، بە گازی هیلیۆم پڕ نەکرابوون، بەڵکو جۆرە گازێکی دیکەیان بۆ بەکار هێنرابوو کە بە شێوەیەکی نایاسایی دروست کرا بوو."

بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئاماژەی بەوە دا، ئەو گازەی نێو باڵۆنەکە بە چەند ئامرازێکی سەرەتایی دروستکرا بوو، کە ئەمەش کارێکی نایاساییە و زۆر مەترسیدارە."

سێشەممە 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، لەکاتی کردنەوەی ئارایشتگەیەک لە شاری هەولێر، باڵۆنەکانی بەردەم ئارایشتگەکە بە شێوازێک تەقییەوە کە لە تەقینەوەی بۆمب دەچوو، بڵێسەی ئاگری تەقینەوەکەش بووە هۆی برینداربوونی چەند کەسێک.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment