رانیە بۆ یەكەمجارە دەگەرێتەوە نێو یاریگە سەختەكەی
رانیە و هەندرێن لە ئەگەری هەر ئەنجامێكی خراپ دۆخی راهێنەرەكانیان دەكەوێتە مەترسی

بە ئەنجامدانی سێ یاری لە یاریگا جیاوازەکانی کوردستان، گەڕی نۆیەمی خولی نایابی کوردستان سبەی پێنجشەممە دەست پێدەکات، ئاکرێ لە یاریگای خۆی، دوای دۆڕانەکەی یاری رابردوو بەرامبەر زاخۆ، ئەمجارەیان میوانداريی رزگاری دەکات.
ئاكرێ و رزگاری لە یاریی لوتكە بەیەك دەگەن
هاندەرانی ئاکرێ بێجگە لە سەرکەوتن، هیچ ئەنجامێکی دیکەیان لە یاریزانانەکانیان ناوێت، ئەویش لە پێناوە مانەوە لە رکابەری کردن، بەڵام پێناچێت ئەو یارییە ئەوەندە بۆیان ئاسان بێت، رزگاری ئەم وەرزە تەنیا لە یەک یاری تووشی دۆڕان بووە و ئەوانیش دەیانەوێت کە رکابەری کردن پاش نەکەون و جیاوازیان لەگەڵ ئاکرێ لە ریزبەندی، تەنیا جیاوازی گۆڵە.
ئاکرێ ئەم وەرزە کەمترین یاری کردووە، پاڵەوانەکەی وەرزی رابردوو لە کۆی شەش یاری، خاوەنی چوار بردنەوە و دوو دۆڕانن و بە کۆکردنەوەی دوازدە خاڵ، لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی دێت، رزگاریش بە حەوت یاری و هەمان خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ، لە پلەی شەشەمی ریزبەندی دەبینرێت.

هەندرێن لەپێناو یەكەمین سەركەوتن روویكردووەتە راپەڕین
یانەی رانیە بۆ یەكەمجار لەم وەرزە گەڕاونەتەوە نێو یاریگەی (ئازادە ڕەش) لەبەردەم هاندەرانیان میوانداریی یانەی هەندرێنی شاری هەولێر دەكەن، دۆخی هەردوو یانەش لەم وەرزە جێگیر نییە، لە ئەگەری هەر ئەنجامێكی خراپ رەنگە چارەنووسی راهێنەرەكانیان بكەوێتە مەترسی، بەتایبەتی هەندرێن ئەم وەرزە هیچ یارییەكی نەبردووەتەوە و بە ئامانجی یەكەمین سەركەوتن روویكردووەتە دەڤەری ڕاپەڕین.
رانیە لە كۆی 7 یاری، 2 بردنەوە، 2 بەرامبەربوون و 3 دۆڕانی هەیە و بە كۆكردنەوەی 8 خاڵ لە ریزبەندی دەیەم دێت، هەرچی یانەی هەندرێنە لە كۆی 7 یاری، 3 بەرامبەربوون و 4 دۆڕانی هەیە و بە 3 خاڵ لە خانەی پێشكۆتایی ریزبەندی دێت.

شەقڵاوە رووبەڕووی ئەسپەڕەشەكەی ئەم وەرزە دەبێتەوە
شەقڵاوە و پیشەسازی بۆ یەكەمجار لە مێژووی خۆیاندا لە خولی نایابی كوردستان رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، یانەی پیشەسازی سەرەڕای ئەوەی ئەم وەرزە بۆ خولی نایاب سەركەوتووە، بەڵام بە سەختی شەڕی پێشەنگی خولەكە دەكات و لەم یارییە بە بردنەوە دەرفەتی ئەوەی لەبەردەمە بۆ لوتكەی خولەكە بگەڕێتەوە، لە بەرامبەردا یانەی شەقڵاوە ئەم وەرزە بە سەرەتایەكی خراپ هاتووەتە نێو ركابەری خولەكە، بەڵام هیچ یارییەكیشی لەم وەرزە لە نێو یاریگە و بەردەم هاندەرانی نەدۆڕاندووە و تەنیا یەك یاریشی لەم وەرزە بردووەتەوە ئەویش لە نێو یاریگەی خۆی بووە.
شەقڵاوە بە كۆكردنەوەی 6 خاڵ لە ریزبەندی دوازدەیەم دێت، لە بەرامبەردا پیشەسازی 14 خاڵی كۆكردۆتەوە و بە جیاوازی 3 خاڵ لە یانەی پێشمەرگە دۆڕە كە سەرلیستی خولەكەی گرتووە.
