ئەمەریکا: ڕێگە نادەین سووریا ببێتە زەمینەیەکی لەبار بۆ تیرۆر

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا  (وێنە: AP)
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا (وێنە: AP)

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە، ڕێگە نادەن سووریا ببێتە زەمینەیەکی لەبار بۆ تیرۆر. ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت هێزە نوێیەکانی سووریا ڕەچاوی پێشبنییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکەن.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد "ئەمەریکا ڕێگە نادات سووریا ببێتە زەمینەیەکی لەبار بۆ تیرۆر."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا باسی لەوە کرد "بە خێرایی هەوڵمان داوە کۆدەنگیی لە نێوان وڵاتانی دراوسێی سووریا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست بکەین سەبارەت بەو ئاراستەیەی جیهان هیواخوازە سووریا هەنگاوی بۆ بنێت."

بلینکن، ئاماژەی بەوەش کرد "ئەگەر هێزە نوێیەکانی سووریا، بە تایبەت دەستەی تەحریری شام، دانپێدانان و پشتیوانیی نێودەوڵەتییان بوێت، دەبێت بە باشی ڕەچاوی پێشبنییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکەن."

ئەمە لە کاتێکدایە، چوارشەممە، 18-12-2024، ئەحمەد ئەلشەرع، 'ئەبو محەممەد جۆلانی' فەرماندەی گشتیی ئیدارەی نوێی سووریا، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد گەمارۆکانی سەر سووریا هەڵگرن. 

ئەحمەد ئەلشەرع ئاماژەی بەوەش کرد "پێویستە دەستەی تەحریری شام لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەربهێنرێت."