پێشبڕكێی خوێندنەوەی کتێب لە نێوان قوتابخانەکانی شاری هەولێر بەڕێوە دەچێت

بە بەشداریی زیاتر لە 57 قوتابخانەی هەولێر، پێشبڕكێی خوێندنەوەی کتێب لە نێوان قوتابخانەکاندا بەڕێوە دەچێت.

بە بەشداریی زیاتر لە 57 قوتابخانەی هەولێر، پێشبڕکێی خوێندنەوەی کتێب لەیەکێک لە هۆڵەکانی قوتابخانەکان بەڕێوە چوو، بیرۆکەکە لە لایەن د. محەممەد حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشیی منداڵان، ڕێکخرا بوو، قوتابیان دڵخۆشن کە چالاکی لەو شێوەیە هەیە و دەیانخاتە پێشبڕکێی زانستییەوە.

پێشبڕکێکە، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، 10 قوتابیی یەکەم هەڵدەبژێدرێت، دواتر هەر قوتابیەک شیکردنەوە بۆ پوختە و کورتکراوەی کتێبێک لە چەند خولەکێکدا  دەکات، پاشان لەلایەن لیژنەیەکەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێ.

ساڤینا محمد، قوتابی بۆ کوردستان24 گوتی: "کتێبەکەی من ناوی خانزادە و بابەتەکەی من مێژووییە، توانیم لەماوەی دوو هەفتەدا ئەو کتێبە تەواو بکەم، لە ماڵەوە کتێب زۆر دەخوێنمەوە. خوێندنەوە وا دەکات مرۆڤ زمانی پاراوتر بێت،  نەترسێت و بوێر بیت، کتێب دەبێتە هۆی زانست و زانیاری و پێگەیاندنی مرۆڤەکان."

ڕەهەند حەسیب، قوتابی دەڵێت: "توانیم لە ماوەی 10 ڕۆژدا کتێبەکەم تەواو بکەم، ئەم پێشبڕکێیەش زۆر باشە بۆ پەرەپێدان بە خوێندن، من لە تەمەنێکی بچووکەوە دەستم بە کتێب خوێندنەوە کردووە و ئەمە یەکەم جارم نییە کتێب دەخوێنمەوە."

 د.محەممەد حەسەن، پسپۆڕی منداڵان گوتی: "وەک پزیشکێک ئامانجم لەم پرۆژەیە ئەوەیە خوێندنەوە بکەمە کوڵتوور، چونکە خوێندنەوەی کتێب تەنیا سوودی نییە بۆ ڕۆشنبیری و پێگەیاندنی فکری، سوودی  بۆ تەندروستیش هەیە، ئێمە وەکو تاکی کورد دەبێت بزانین ئەگەر بمانەوێت تەندروستییەکی باشمان هەبێت، پێویستە ڕۆژانە کاتێک دیاری بکەین بۆ وەرزش و خۆراکی مێشک، ئەویش بریتییە لە خوێندنەوە، پێویستە چوار ڕۆژ لە هەفتەدا وەرزشی جەستە بکەین و خۆراکی جۆراوجۆری سروشتیمان هەبێت، بۆ ئەوەی جەستەمان باش بێت."