نووری بریمۆ: بۆ دەست پێ کردنی گفتوگۆ لەگەڵ ڕژێمی نوێی سووریا، داوای هاوکاریمان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە
سیاسەتمەدارێکی نزیک لە ئەنەکەسە ئاماژەی بەوە دا، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە هاوکار بێت لە دەست پێ کردنی گفتوگۆکانی نێوان کورد و ئەو هێزە سیاسییانەی دەسەڵاتی سووریایان وەرگرتوو.
سیاسەتمەدار نووری بریمۆ، ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (پەدەکەسە)، لە کاتی بەشداریی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی پێنجشەممە، 19-12-2024، باسی لە بەشداریی کورد لە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی سووریادا کرد.
ئەو سیاسەتمەدارە، بە پێویستی دەزانێت "کورد لە قۆناغی ئێستەدا زۆر ژیرانە مامەڵە بکات و نابێت بە دروشمی گەورە هەڵبخەڵێت؛ دۆزی ئێمەی کورد لە دیمەشق چارە دەبێت و دەبێت بە گفتوگۆ بگەینە ئامانج."
نووری بریمۆ گوتی: "داواکاریی لەمێژینەی ئێمە لە سووریا، سیستەمێکی فیدراڵیی بووە بۆ گەلی کورد لەو ناوچانەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لێی نیشتەجێن. دەبێت دەستوورێکی نوێ ئامادە بکرێت و لەسەر بنەمای ئەو دەستوورە نوێیە، مافی هەموو پێکهاتەکان دابین بکرێت."
ئەو سیاسەتمەدارە باسی لەوەش کرد "ئێمە لەگەڵ گفتوگۆین و پێمان وایە کێشەی کورد تەنها لە ڕێگەی گفتوگۆ لە دیمەشق چارە دەکرێت، نەک لە ڕێگەی شەڕ و توندوتیژی." ڕوونیشی کردەوە "داوامان لە نوێنەرانەیەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە نێودەنگیریی بکات تاوەکوو لەگەڵ هێزە نوێیەکانی سووریا دەست بە گفتوگۆ بکەین. "
نووری بریمۆ، لەبارەی یەکڕیزیی کورد لە سووریا، گوتی: "ئێمە هەموومان لەگەڵ یەکڕیزیی گەلی کوردداین، بەڵام شتێکی دیکەش هەیە، ئەو هێزە سیاسییانەی ئێستە دەسەڵاتیان لە سووریا وەرگرتووە و بەتایبەت تورکیا کە یاریزانی سەرەکیی یارییەکەیە، بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکات پەکەکە و لایەنگرانی بەشداریی لە دانوستانەکاندا بکەن."
ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندیی پەدەکەسە پێی وایە "نابێت چی دیکە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕۆڵەکانمان شەهید بکەن، دەبێت بە زووترین کات لە ناوچە کوردییەکان چەک دابنێت. هەزاران گەنجی کوردی لە دێرەزوور و ڕەققە و ناوچە عەربییەکانی دیکە شەهید کرد، کەچی بە ئاسانی دەستبەرداری هەمووان بوو."