وەزیری دارایی: دەمانەوێ گرفتەكان لەگەڵ بەغدا لە ریشەوە چارەسەر بكەین
توركیا: دەمانەوێت پەیوەندییە ئابوورییەكانمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان پەرەپێبدەین
K24 - ھەولێر
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت "قوڵایی ستراتیجی هەرێمی كوردستان لەم كابینەی حكومەت بەغدا بووە، بۆیە دەمانەوێ گرفتەكان لەگەڵ بەغدا لە ریشەوە چارەسەر بكەین".
ئەم گوتانەی وەزیری دارایی، لە میانی دیدارێكیدا ھات لەگەڵ كونسوڵی گشتی كۆماری توركیا لە ھەولێر. راشیگەیاند: "گەشبینین لە ماوەیەكی نزیكدا لەگەڵ بەغدا بگەین بە رێككەوتن".
لەو دیدارەدا لەگەڵ هاكان كراچای، كونسوڵی گشتی توركیا لە ھەولێر ئاوات شێخ جەناب، گوتیشی: "ئێمە وەك هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی مێژوویمان هەیە لەگەڵ توركیا. دەمانەوێ لە رووی ئابوورییەوە پەرە بە پەیوەندییەكانمان بدەین و پێشوازی دەكەین لە وەبەرهێنەران و بازرگانانی توركیا، بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمی كوردستان، چونكە لە هەرێمدا ژینگەیەكی باشی وەبەرهێنان ھەیە لەسەرجەم کەرتە ئابوریەکاندا".
كونسوڵی گشتی توركیا لەوبارەیەوە رایگەیاند: "دەمانەوێت پەیوەندییە ئابوورییەكانمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان پەرەپێبدەین".
