کیەر ستارمەر: هێشتا زووە هەڵسەنگاندن بۆ ڕژێمی نوێی سووریا بکەین
ستارمەر: ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا کارێکی باش بوو، بەڵام هێشتا زووە هەڵسەنگاندن بۆ ڕژێمی نوێی سووریا بکەین.
کیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا کارێکی باش بوو، بەڵام ئێستە هەر هەڵسەنگاندنێک بۆ ئەم ڕژێمە نوێیەی سووریا بکەین کە دادەمەزرێت، هەڵەیە.
ئامااژەی بەوەش دا، لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە لەبارەی داهاتووی سووریا قسە دەکەین، نامەوێت ئێستە وردەکاری بدەم، بەڵام دەبێت پشتڕاست بینەوە لەوەی ئایا حکوومەتی نوێی سووریا پابەند دەبێت بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و پارێزگاری لە مافی مرۆڤ، هاووڵاتییانی مەدەنی، مافی ئافرەتان و پێکهاتەکان یاخود نا؟
ئاماژەی بەوەش کرد، لەلایەن زۆر کەسەوە چاوەڕوان نەدەکرا، بەخێرایی کۆتایی بە ڕژێمی پێشوو بێت.
لە بەرامبەردا ئەندامێکی دیاری پارتی پارێزگارانی بەریتانیا ڕایگەیاند، "پەیوەندیی دیپلۆماسی بەریتانیا لەگەڵ گروپی دەستەی تەحریر شام، لە وڵاتدا بە قەدەغەکراو پۆلێن کراوە، ڕەنگە مەترسی ئەوە بکات دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، شەرعیەتی پێ بدرێت لەو وڵاتە".
بەرە بەیانی ڕۆژی یەکشەممە،8ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا چوونە نیو دیمەشقی پایتەخت و ڕژێمی سووریایان بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد ڕووخاندن و کۆتاییان بە دەسەڵاتی حزبی بەعس هێنا.