شاندی ئەمەریکا گەیشتە دیمەشق
ئاژانسی فرانسی پرێس لە زاری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە، شاندی دیپلۆماتکارانی ئەمەریکا بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا گەیشتوونەتە دیمەشق .
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، شاندەکە لەگەڵ سەرکردەی تەحریر شام کۆدەبنەوە، هەرچەندە لەلایەن واشنتنەوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێندراوە. تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیش چۆنێتی پیشتیوانی ئەمەریکا دەبێت بۆ سووریای نوێی.
شاندەکەی ئەمەریکا پێکهاتووە لە باربارا لیف بەرپرسی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دانیال ڕۆبینستاین گەورە دیپلۆماتکاری ئەمەریکا لە وڵاتانی عەرەبی کە بەرپرسە لە دۆسیە پەیوەندیدارەکان بە سووریا، لەگەڵ ڕۆجەر کارستنس بەرپرسی بارمتەکانی ئەمەریکا، کە بەدوای بەڵگەدا دەگەڕێت لەسەر ئەمریکییە ونبووەکان، لە نێویاندا ڕۆژنامەنووس، ئۆستن تایس کە لە ئابی 2012 لە سووریا چارەنووسی نادیارە.
هەروا شاندە ئەمەریکییەکە جیا لە گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێستای دیمەشق، پلانیانوایە قسە لەگەڵ خەڵکی سووریاش بکەن سەبارەت بە تێڕوانینیان بۆ داهاتووی وڵاتەکەیان و چۆن ئەمریکا دەتوانێت یارمەتیان بدات.
ئەمە یەکەم سەردانی شاندی دیپلۆماتکارانی ئەمەریکایە بۆ دیمەشق لە دوای 13 ساڵ.