جوتیارانی مەخمور زیاتر لە 20 رۆژە لەبەردەم سایلۆن
شاندێكی پەرلەمانی عێراق لە گرفتەكانی جوتیارانی مەخمور دەكۆڵێتەوە
K24 - ھەولێر
بۆ چارەسەرکردنی کێشە گەنمی جوتیارانی مەخمور و دەوروبەری، شاندێکی پەرلەمانی عێراق سەردانی مەخموریان کرد، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەو ناوچەییە کۆبوونەوە، قایمقامی مەخمور رایدەگەیەنێت، خاوی جێبەجێکردنی کارەکان لە سایلۆی مەخمور گرفتی درەنگ کەوتنی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانە. ھاوكات ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵیش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لەگەڵ وەزیری بازرگانی عێراق لەسەر خەتن بۆ چارەسەر کردنی کێشەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی سنوورەکە.
جوتیارانی مەخمور زیاتر لە 20 رۆژە لەبەردەم سایلۆی مەخمور وەستاون، تا ئێستا وەک پێویست گەنمیان لێوەر ناگیرێت.
لەسەر بەدواداچوون بۆ كێشەی جوتیارانی كورد لە شارۆچكەی مەخمور، ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، گفتوگۆیان لەگەڵ وەزیری بازرگانی عێراق کردووە، تا کێشەی گەنمی جوتیارانی مەخمور چارەسەر بکات.
جوتیارانی مەخمور و دەوروبەری، کەوتونەتە نێوان دوو لایەن لە لایەک داعش دەغڵ و دانیان دەسوتێنێت لەلایەکی دیکە حكومەتی عێراق گەنمەکانیان وەرناگرن، لە سایلۆکان ئەندامێکی دیكەی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، بەشێک لە کێشەکانی ئەم ناوچانە سیاسین و بەشەکەی دیكەشیان پەیوەستە بە جێبەجێکردنی مادەی 140.
بە گوتەی جوتیارانی مەخمور، جگە لەوەی بەرپرسانی سایلۆکە وەک پێویست ھاوکاریان ناکەن جوتیارانی ناوچەکەش زەەرمەند دەبن، بەشێکی زۆریش لە بەرھەمی دانەوێڵەکان بە بیانوی پیسبوون، یان نا خاوێنی گەنمەکە لە سایلۆی مەخمور وەرناگیرێت.