گۆڕانكاری لە ریزبەندی خولی نایابی كوردستان روویدا
یانەی شێروانە پێشەنگی بە پێشمەرگەی هەولێر چۆل كرد

گەڕی نۆیەمی خولی نایابی كوردستان كۆتایی هات و شێروانە گەڕایەوە لوتكەی خولەكە و پێشەنگی بە یانەی پێشمەرگەی هەولێر چۆل كرد، لە لایەكی دیكەیشەوە هەولێر سێیەمین سەركەوتنی لەسەریەك بەدەستهێنا.
شێروانە گەڕایەوە لوتكە
یانەی زاخۆ ماندووترین یانەی خولی نایابی كوردستان رێگایەكی دووری بڕی و بۆ رووبەڕووبوونەوەی شێروانە گەشتی كەلاری كرد.
لەگەڵ دەستپێكی فیكەی یارییەكە، دیلمان رۆكان بە ئاسیستی موسعەب جەمال گۆڵی پێشكەوتنی شێروانەی لە دژی زاخۆ تۆمار كرد، یارییەكە لە نیوەی یەكەم بەم تاكە گۆڵە كۆتایی هات.
لەگەڵ دەستپێكی نیوەی دووەم لە خولەكی 53 موسعەب جەمال گۆڵی دووەمی شێروانەی تۆمار كرد، پاشان لە خولەكی 60 محەمەد عەبدوڵڵا جیاوازییەكەی كەم كردەوە و گۆڵی یەكەمی زاخۆی لە یارییەكە تۆمار كرد.
دواتر لە خولەكی 74 بیلال ساڵح مایسترۆی یانەی شێروانە گۆڵی سێیەمی بۆ یانە كەلارییەكە تۆمار كرد و ئەوەندیتر ئەركی زاخۆی دەلالی قورستر كرد، یارییەكەش تا كۆتایی بە 3 گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك لە بەرژەوەندی یانە گەرمیانییەكە كۆتایی هات.

دەربەندیخان لە كۆتاییەكان 2 خاڵی لەدەست دا
دەربەندیخان لە نێو یاریگەی (مەحموودی مامە عەزە) میوانداریی یانەی برایەتی شاری هەولێر كرد، یارییەكە دەستی پێكرد و فەرزندە محەمەد لە خولەكی یەك، بە لێدانێكی سەری نایاب خێراترین گۆڵی لەم وەرزە بۆ یانەی دەربەندیخان تۆمار كرد، بەڵام خۆشییەكان جلشینەكانی دەربەندیخان زۆری نەبرد كاتێك ریڤا عەبدولڕەحمان ئەنجامەكەی بۆ برایەتی یەكسان كردەوە، نیوەی یەكەم بە گۆڵێك بۆ هەر لایەك كۆتایی هات.
لە كۆتاییەكانی یارییەكە رووداوەكانی یارییەكە گەرمتر بوون، لە خولەكی 86 میران محەمەد گۆڵی دووەمی دەربەندیخانی تۆمار كرد، بەڵام لە خولەكی 90 گۆڵكارەكەی برایەتی محەمەد خەلیل یارییەكەی هێنایەوە خاڵی سەرەتا و ئەنجامەكەی بۆ سەوزپۆشەكانی پایتەخت یەكسان كردەوە و یارییەكەش بە 2 گۆڵ بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات.

هەولێر زامەكانی چوارقوڕنەی قوڵتر كردەوە
یانەی هەولێر لە یاریگەی یەكەمی فەرەنسۆ هەریری میوانداریی چوارقوڕنەی نوێنەرەكەی راپەڕینی كرد، ئەمەش دووەمین یاریی چوارقوڕنە بوو لەژێر سەرپەرشتی راهێنانەكانی رەفیق سەعید.
لە نیوەی یەكەم هیچ لایەك نەیانتوانی تۆڕی گۆڵی یەكتر بهەژێنن، بەڵام لەگەڵ دەستپێكی نیوەی دووەم كارزان سابیر لە خولی 48 بە ئاسیستی كاردۆ كەمال گۆڵی پێشكەوتنی تۆمار كرد.

پێشمەرگە پێشەنگی چۆل كرد
ئەم یارییە 15 خولەك لە وادەی دیاریكراوی خۆی دواكەوت، بەهۆی ئەوەی لەسەر هەمان یاریگە یارییەكی دیكە لە خولی لاوانی عێراق هەبوو، دواتر یارییەكە دەستی پێ كرد و نیوەی یەكەم بە یەكسانبوون بەبێ گۆڵ كۆتایی هات.
لەگەڵ دەستپێكی نیوەی دووەم، ئەزهەر فەتاح گۆڵی پێشكەوتنی سیروانی نوێی تۆمار كرد، بەڵام توانا ئەمیر لە خولەكی 70 ئەنجامەكەی بۆ پێشمەرگەی هەولێر یەكسان كردەوە، یارییەكەش تا كۆتایی بە گۆڵێك بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات.


