وەزیری کارەبا: سەرەتای ساڵی داهاتوو 500 مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕی نیشتمانی زیاد دەکەین
کەمال محەممەد: لە کابینەی نۆیەم 1340مێگاوات کارەبامان زیادکردووە

وەزیری کارەبا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە پشتیوانیی سەرۆک وەزیران، هەزار و 340 مێگاوات کارەبامان بۆ تۆڕی نیشتمانی زیاد کردووە و پلان و پرۆژەی دیکەش هەن بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا.
کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا لە بەرنامەی بووژانەوەی کوردستان24 گوتی: "هەر وەک چۆن مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەت و لە کاتی پێشکەشکردنی کارنامەی حکوومەت بەڵێنی دا، کاری جیددی بۆ چارەکردنی کێشە و گرفتەکانی کارەبا بکات، ئەمە بووە بنەمایەک بۆ پلانی سەرەکیی وەزارەتی کارەبا."
"زیادکردنی 1340 مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕی نیشتمانی"
وەزیری کارەبا گوتیشی: لەم کابینەیەدا هەزار و 340 مێگاوات کارەبامان بۆ تۆڕی کارەبای نیشتمانی زیاد کردووە، کە 300 مێگاوات لە وێستگەی خەبات، 750 مێگاوات لە وێستگەی بارزان، 165 مێگاوات لە وێستگەی گەرمیان، 38 مێگاوات لە وێستگەی کەهرۆئاوی دێرەلووک، لەگەڵ 87 مێگاواتی دیکە کارەبا، کە لە بەکارخستنەوەی سێ وێستگەی 29 مێگاواتی زیاد کراوە، لە کاتێکدا هەر سێ وێستگەکە چەند ساڵیک بوو لەکار کەوتبوون و پێشتر بە گازۆئیل کاریان دەکرد، بەڵام کارپێکردنەکەیمان بۆ نەوتی ڕەش گۆڕی خرانەوە کار."
پلانی وەزارەتی کارەبا بۆ 2025
کەمال محەممەد دەڵێت: "لە پلانی وەزارەتی کارەبادایە تاوەکوو چارەکی یەکەمی ساڵی 2025 لە پرۆژەیەکی نوێ 500 مێگاوات کارەبای دیکە لە وێستگەی خورمەڵە زیاد بکرێت و تێکەڵ بە تۆڕی کارەبای نیشتمانی بکرێت."
گوتیشی: "وێستگەی فلێرغاز (غازی بەفیڕۆچوو) یەکەمین پرۆژەیە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، کە بە پشتیوانیی سەرۆکی حکوومەت جێبەجێ کراوە بۆ ئەوەی هەم ڕێگە لە پیسبوونی ژینگە بگیرێت، هەم سوود لەو غازەش وەبگیرێت و چیتر بەفیڕۆ نەچێت، بەڵکو لە بەرهەمهێنان و زیادکردنی کارەبا بەکار بهێنرێتەوە."
هەروەها سەرۆکی حکوومەت جەختی کردووەتەوە لە شوێنەکانی دیکەش پرۆژەی هاوشێوە جێبەجێ بکرێت، هەربۆیە ئێستا گرێبەستێکی دیکەمان کردووە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی هاوشێوە لە سەرسەنگ بۆ بەرهەمهێنانی 100 مێگاوات دیکەی کارەبایە لە بڕیارە بەم نزیکانە دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت.
"بەرهەمهێنانی کارەبا لە غازی بەفیڕۆ چوو"
پرۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە غازی بەفیڕۆچوو لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، کە لەلایەن وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ڕووبەری 35 کیلۆمەتری چوارگۆشە بنیات نراوە.
پرۆژەکە ڕۆژانە ڕێگرە لە دەردانی 840 تۆن کاربۆن بۆ ناو بەرگە هەوا، لە بری بەفێڕۆچوونی غاز و پیسکردنی ژینگە، 192 بزوێنەری بەرهەمهێنانی کارەبا جێگیرکراون کە هەر یەکێکیان نزیکەی یەک مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن و بە تێکڕای بەرهەمی وێستگەکە 165 مێگاواتە.